دەربڕینی نیگەرانی هەنگاو بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتنی منداڵان و مێرمنداڵان لە کوردستان

ڕێژەی خۆکوشتن بە تایبەت لە ناو مێرمنداڵانی تەمەن ژێر ١٨ لە کوردستان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بە جۆرێک کە لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا بەشێوەی

٨ خەرمانان ٢٧٢٢، ٢١:٣٥


هەنگاو: سێشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢

ڕێژەی خۆکوشتن بە تایبەت لە ناو مێرمنداڵانی تەمەن ژێر ١٨ لە کوردستان بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە بە جۆرێک کە لە ماوەی ٨ مانگی ڕابردوودا بەشێوەی نێونجی هەر مانگ پێنج حاڵەتی خۆکوشتنی مێرمنداڵان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ هەتا ئەمڕۆ (٨ مانگ)، لانی کەم ١٣٠ کوڕ و پیاو لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە ٤٠ حاڵەتی واتە ٣١٪ی ئەو حاڵەتانە منداڵ و مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە و لەو ڕێژەیەش ١٥ حاڵەتی ژێر ١٥ ساڵ بوون.

هۆکاری زۆربەی ئەم خۆکوشتنانە کێشەی خێزانی، هەژاری و دەست کورتی و هەروەها کێشەی کۆمەڵایەتی بووە.

لە کۆی ئەو ٤٠ مێرمنداڵەی کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە ٢٤ کەسیان لە ڕێگەی خۆهەڵواسین، ٨ کەسیان لەڕێگەی خواردنی حەب، ٦ کەسیان لەڕێگەی بەکارهێنانی چەک، کەسێکیان لەڕێگەی خۆفڕێدان لە بەرزایی و کەسێکیان لەڕێگەی بەکارهێنانی گاز کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی خۆی بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتنەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ناکارەمەیی دەسەڵات لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی. هەنگاو لەسەر ئەو بڕوایەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەندە ماف و ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکانی سەرکوت کردووە کە ئیدی دەرەتانێک بۆ باسکردن لە باقی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ وەکوو مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نەماوەتەوە.

سەرباری بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی ئێران بە مەبەستی دابین کردنی لانی کەمی ئیمکاناتی ژیان بۆ منداڵان بە پێی جاڕنامەی مافە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ١٩٦٦ و هەروەها کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵان ١٩٨٩، ئەم حکومەت هیچ سیاسەت و پلانێکی ڕوونی بە نیسبەت خۆشگوزەرانی و ئیمکاناتی ژیان بۆ منداڵان بەتایبەت لەنێو حەشیمەتە پەراوێز خراوەکان لە بواری ئیتنیکی و مەزهەبی نییە و زیاترین ڕێژەی ئاماری منداڵانی کار لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەدایە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جارێکی دیکە وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بە نیسبەت شەپۆلی خۆکوشتنی منداڵان و مێرمنداڵان لە کوردستان خوازیاری وەڵامدەر بوونی حکومەتی ئێران بە نیسبەت بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی چاودێر بەسەر مافەکانی منداڵاندایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە