دەستبەسەرکرانی نازیلا مەعرووفیان، خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز لە تاران

نازیلا مەعرووفیان، خەڵکی سەقز و هەواڵنێری "ڕویداد ٢٤" لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تاران دەستبەسەرکرا.

١٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١١:٢٥



هەنگاو: هەینی، ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

نازیلا مەعرووفیان، خەڵکی سەقز و هەواڵنێری "ڕویداد ٢٤" لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تاران دەستبەسەرکرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، نازیلا مەعرووفیان، هەواڵنێر و خوێندکاری خەڵک سەقز لە شاری تاران دەستبەسەرکرا.
ئەو هەواڵنێرە کە پێشتر لە میدیای "دیدەبان ئێران" کاری کردووە، بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە.

نازیلا مەعرووفیان لە ماڵی یەکێک لە ناسیاوەکانی دەستبەسەرکراوە و لە کاتی گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ئێڤین، لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی بنەماڵەکەی لە دەستبەسەرکرانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە.

لەم ڕۆژانەی دوایدا، دامودەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووس و چالاکانی میدیایی دەستبەسەرکردوون و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری ئەم دەستبەسەرکرانەوە نەداوە.

لەگەڵ تەشەنەسەندن و بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، چالاکانی میدیایی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، زیاتر لە جاران کەوتووەتە ژێر گوشار و هەڕەشەی دەزگا و ناوەندەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەم هەوڵانە، سەرەڕای ڕفاندن، دەستبەسەر و ئەشکەنجە کران، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەی گیانیان لە چالاکانی میدیایی کردووە و پێشینەی کۆماری ئیسلامی لەم بوارە، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانی ڕای گشتی.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە