دەستبەسەرکرانی ٩٠ کەس و سەپاندنی ٣ سەدە بەندکران بەسەر هاووڵاتیانی شنۆ لەماوەی ٣٠ مانگدا

هەنگاو: شنۆ شارێکی چووکەی پارێزگای ئورمیەیە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر دانیشتوانی ئەو شارە

٢ خەرمانان ٢٧١٨، ١١:٣٣

 

هەنگاو: شنۆ شارێکی چووکەی پارێزگای ئورمیەیە کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر دانیشتوانی ئەو شارە کە حەشیمەتەکەی کەمترە لە ٧٤ هەزار کەس و لەو ماوەیەدا دەیان لاوی خەڵکی ئەو شارە، دەستبەسەر و حوکمی درێژ ماوەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری هەنگاو، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ هەتا ئاگۆستی ٢٠١٨، واتە لەماوەی دوو ساڵ و شەش مانگدا، لانیکەم ٩٠ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن دام و زەگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ٩٠ کەسەی کە دەستبەسەر کراون، ٨٢ کەس بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان، کەسێک بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا، کەسێک بە تۆمەتی چالاکی کرێکاری و ٦ کەسیش بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە ماوەی ئەو ٣٠ مانگەدا، دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێران ٣٣ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە بە بەندکران و سێدارە حوکم داوە.

لەو ماوەیەدا چالاکێکی سیاسی بە سێدارە و ٣٢ کەسی دیکەش سەرجەم حوکمی ٣٠٨ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە کۆی ئەو ٣٢ هاووڵاتییە کە حوکمی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، ٣ کەس بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی بە ١٥ ساڵ بەندکران، کەسێک بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا بە ١٠ ساڵ بەندکران و ٢٨ کەسیش بە تۆمەتی هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان بە ٢٨٣ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە هەموو چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی کوردستان، ئێران و جیهان دەکات کە بە نیسبەت دەستبەسەر کران و سەپەناندنی حوکمی بەندکرانی درێژ ماوە بۆ سەر هاووڵاتیانی شنۆ و هەروەها گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بۆ سەر هاووڵاتییان بێ دەنگ نەبن و هەموو هەوڵی خۆیان بۆ کەم کردنەوەی ئەو حوکمانە و هەروەها ئازادی بێ مەرجی ئەو کەسانەش کە ئێستا بەبێ دادگایی کران لە بەندیخانە ڕاگیراون، بخەنە گڕ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە