زیاتر لە سەد بەندکراوی بەندیخانەی مەهاباد تووشی پەتای کۆرۆنا بوون

هەنگاو: دەیان بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لە هەرجۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بێبەش کراون.

٨ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٤:٣٧


هەنگاو: دەیان بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لە هەرجۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی بێبەش کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زیاتر لە سەد بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندی ٤ و ٦ی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لە هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و دەرمانی بێبەش کراون.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە داوایان لە بەندکراوانی ڕێگاباز (ئەو بەندکراوانەی کە جاروبار خۆیان بە بەندیخانە دەناسێنن و دواتر دەڕۆنەوە ماڵی خۆیان) کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ بەندیخانە، بەشێکیان تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە شێکی زۆری بەندکراوەکان تووشی ئەو پەتایە بن.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، لانیکەم سەد بەندکراو تووشی پەتای کۆرۆنا بوون کە باری تەندروستی بەشێکیان ناجێگیرە و بەو حاڵەش بەرپرسانی بەندیخانە نەک هەر نەیانیان بردووە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، بەڵکوو لە هەر جۆرە خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و دەرمانی بێبەش کراون.


لە بەندی ٤ و ٦ی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکانیان جیا نەکراونەتەوە و بەندکراوانی سیاسی، مەزهەبی، بەندکراوانی تایبەت بە تاوانە مەترسیدارەکان و تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکەرەکان ڕاگیراون.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای وەرزی بەهارەوە لانیکەم ٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئورمیە و کامێران بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە.




 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە