سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی کورد هەڵوەشایەوە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، سزاک

١٦ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٢٣:١٧

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، سزاکەی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،  لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی، بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە و ئەو حوکمە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٧ی جولای ٢٠٢١)، لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا شاکر بێهرووزی سەر لەنوێ دادگایی بکرێتەوە.

 شاکر بێهرووزی خەمرنانی ساڵی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی "بەغی" و  ”ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەلە“ بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە.

 شاکر بێهرووزی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩، لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراو دا سەپاوە و لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.

ناوبراو کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێهرووزی پێشتر لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، شاکر ماوەی یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیداریە ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجە بووە هەتا دان بە تیرۆر کردنی ئەندامێکی ئیدارەی ئیتلاعات بنێت.

مامل محەمەدی کە ئەندامی سپای پاسداران بوو، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ ( ١٣ی مارسی ٢٠١٨) لە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە دەستی گرووپێکی نەناسراو کوژرا کە دواتر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیاتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە