سنە/ حوکمی سێدارەی دوو بەندکراو بۆ ٤٥ ڕۆژی دیکە دواخرا

هەنگاو: دوو بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بۆ ماو

٦ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٢٠:٤٠


هەنگاو: دوو بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو، بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ مۆڵەتیان پێدراوە و حوکمەکەیان دواخرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٧ی ژوئیە ٢٠٢٠)، دوو بەندکراو بە ناوەکانی ”سەعید محەمەدی فەرد“ تەمەن ٣٤ ساڵ خەڵکی کرماشان و ”مورتەزا پیرخزری“تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی سنە کە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە، سەر لەنوێ گەڕێندراونەتەوە بۆ ناو بەندی پێشووی خۆیان لە بەندیخانە.


ئەو دوو بەندکراوە ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژ (٢٥ی ژوئیە) بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمی سێدارەکەیان گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و ئەمڕۆ بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ مۆڵەتیان پێدراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی سەعید محەمەدی فەرد هەتا ٤٥ ڕۆژی دیکە دەبێ بڕی ٤ میلیارد تمەن و بنەماڵەی پیرخزری بڕی ٢ میلیارد تمەن بخەنە هەژماری بانکی بنەماڵەی کوژراوەکان و ئەگەر لەو ماوەیەدا ئەو پارەیە دابین نەکەن ئەوا حوکمەکانیان جێبەجێ دەکرێت.


سەعید محەمەدی فەرد ماوەی ٦ ساڵە لە بەندیخانەیە و مانگی ڕەمەزانیش جارێکی دیکە حوکمەکەی دواخرابوو و مورتەزا پیرخزریش ماوەی دوو ساڵە لە بەندیخانەی سنە ڕاگیراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە