سوعدا خەدیرزادە ٨ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و بە هۆی برسیەتییەوە لە هۆش چووە

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی و دوو گیانی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە لە حاڵێکدا هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی تێدەپەڕێنێت کە

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ١٣:١٨

 

هەنگاو: سێشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی و دوو گیانی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە لە حاڵێکدا هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی تێدەپەڕێنێت کە ڕۆژی دووشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٢ لە ناو هۆڵی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی برسیەتییەوە لەهۆش چووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە ڕایانگەیاندووە کە سوعدا خەدیرزادە دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوویەوە شەوی هەمان ڕۆژ بۆ بەندی ژنان گەڕیندراوەتەوە و ڕۆژی ڕابردوو بە هۆی برسیەتییەوە لەهۆش چووە و سەرباری پێداگری زۆری بەرپرسانی بەندیخانە بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی ئەو کارەی نەکردووە.

هەنگاو زانیویەتی کە شەوی ڕابردوو لە کاتژمێر ١٠ی شەو هەتا ٢ی بەرەبەیان بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر سوعدا و یەکێک لە هاوڕێیانی لەلایەن سێ ئەندامی ئەمنی بەندیخانە و پەرەستارێک لێپرسینەوە و بێ ڕێزییان پێکراوە و بە بیانووی هەبوونی مۆبایل و پەیوەندی لەگەڵ دەرەوەی بەندیخانە هەموو شت و مەکەکان و تەنانەت جەستەشیانیان پشکنیوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی ڕابردوو دوای ئەوەی سوعدا لەهۆش چووە، بەرپرسانی بەندیخانە چوونەتە لای و پێداگرییان کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت، بەڵام ئەم بەندکراوە سیاسییە دیسان جەختی کردووەتەوە کە هەتا ئەو کاتەی داواکارییەکانم جێبەجێ نەکرێت کۆتایی پێ ناهێنم و دوای ئەو قسانەش تەنانەت نەبراوەتە بێهداری بەندیخانە.

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە دووگیانە و کۆرپەلەکەی ٨ مانگانە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتووە.

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١) ١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.

هەنگاو چەند ڕۆژ پێش ئێستا تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە