دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی کورد لەنێویاندا بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو لە شارەکانی بۆکان و سەقز

٨ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ١٢:٢٣

هەنگاو؛ دووشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکان لە کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانی کەم سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەلی زوڵفی بەندکراوی سیاسیی پێشوو لە بۆکان،  مێهران بەهرامی و محەممەد محەممەدی لە سەقز، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بە هێرشکردنە سەر شوێنی کارەکەی (دووکانی فۆتۆگرافی) عەلی زوڵفی، ناوبراویان بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرد. ئەم هێزانە لە کاتی دەستبەسەرکردنی عەلی زوڵفی بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بەبێ ڕێسا یاساییەکان دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلە تایبەتییەکەشیان گرتووە .

جێگەی ئاماژەیە کە، عەلی زوڵفی پێشتر لە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ لە ئەنجامی هێرشی هێزه حکومەتییەکان دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بەندکران لە دەستبەسەرگەی ئەمنی ئورمیه، لە خەرمانانی ٢٧٢٢ لەلایەن دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە تۆمەتی «بانگەشە دژی نیزام» سزای ٤ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپا کە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی بۆکان تێپەڕاند.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦، گەنجێکی کورد و خەڵکی سەقز بە ناوی مێهران بەهرامی، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر شوێنی کارەکەی بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ناوبراو هیچ جۆرە زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.

هاوکات و هەر ئەو ڕۆژە، محەممەد محەممەدی، گەنجێکی دیکەی خەڵکی سەقز، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ئاگادارەکان، بانگکردنەکەت سەرەتا بە مەبەستی «وەرگرتنی بەڵێننامە» ڕاگەیەندرابوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە سەردانکردنی بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییە، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و بەرپرسانی دەستبەسەرگە خۆیان لە وەڵامدانەوە بە بنەماڵەکەی دەبوێرن.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە شوێنی ڕاگرتن، دۆخی یاسایی و بارودۆخی تەندروستیی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە