سێ مانگ بەسەر دەستبەسەرکرانی سوعدا خەدیرزادە کە دوو گیانە تێپەڕی

هەنگاو: سوعدا خەدیرزادە کە دووگیانه و خەڵکی پیرانشاره، دوای سێ مانگ لە دەستبەسەرکران تا ئێستا دۆسییەکەی ناڕ

٢٢ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٤:٠٩

 

هەنگاو: سوعدا خەدیرزادە کە دووگیانه و خەڵکی پیرانشاره، دوای سێ مانگ لە دەستبەسەرکران تا ئێستا دۆسییەکەی ناڕوونە و لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ لە دەستبەسەرکرانی سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، تا ئێستا لە بەندیخانەیە  و بەبێ مافی دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری تایبەتی ژنانی دووگیان ڕاگیراوە.

بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، سەرەڕایی ئەوەیکە پزیشکانی پشپۆڕ ڕایانگەیاندووە کۆرپەڵەکەی سوعدا خەدیرزادە ٤ مانگانە و ناوبراو ئازارێکی زۆری لە بەشی بڕبڕەی پشت و نەخۆشی دڵی هەیە، بەڵام تا ئێستا لێکۆڵەری دۆسیەکەی و بەرپرسانی بەندیخانە  داخوازی ئازادی ناوبراویان بە بارمتە قەبووڵ نەکردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سوعدا خەدیرزادە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها ڕاوێژکاری ژنانی نەبووە.

سوعدا خەدیرزاده ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) بە بێ پیشاندانی بەرگەی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار لە ماڵی هێورەکەی دەستبەسەر و ڕۆژی شەممە ٢٤ی ڕەزبەر بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرایەوە.

ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شارەکانی پیرانشار و ئورمیە و تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

 هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سوعدا خەدیرزاده دووگیانە و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دوو گیانی هەیە. بەم حاڵەشەوە سوعدا خەدیرزاده هێشتا لە مافی پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەسە و بە سەرنجدان بە خراپبوونی خۆراکی بەندکراوەکان لە بەندیخانە، تەندروستیی کۆرپەڵەی ناوبراو بەرەوڕووی مەترسیی جیدی بووەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە