سەقز .. بە هۆی گوشارەکانی دادگا کوڕی بەندکراوێکی سیاسی خۆی هەڵواسی

هەنگاو: کوڕی یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی مەحکووم بە سێدارە بە هۆی بێ ڕێزی بەرپرسانی دادگای سەقزەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا.

٢٤ جۆزەردان ٢٧١٨، ١٧:٤٧

 

هەنگاو: کوڕی یەکێک لە بەندکراوانی سیاسی مەحکووم بە سێدارە بە هۆی بێ ڕێزی بەرپرسانی دادگای سەقزەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، ڕۆژی چوارشەممە (٢٣ی جۆزەردانی ٢٧١٨ / ١٣ی ژوئەنی ٢٠١٨)، لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵی دانیشتووی گەڕەکی شانازی سەقز بە ناوی ”ئەشکان سەلیمی“ کوڕی بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە مستەفا سەلیمیلە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سەلیمی لەوبارەوە بە هەواڵنێری ”هەنگاو“ی ڕاگەیاند کە ئەشکان ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی بەدواداچوونی کەیسی باوکی سەردانی دادگای کردووە و لەلایەن بەرپرسانی دادگاوە بێڕێزی پێکراوە و هەربۆیەش ناوبراو دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

ئەشکان ئێستا چووەتە کۆما و ل نەخۆشخانەی ”خومەینی“ شاری سەقز لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

مستەفا سەلیمی لە دایکبووی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوییە و کە لە ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٨٢ی هەتاوی دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی دژایەتی خوا و هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو لە ١٤ ساڵ پێشەوە لە بەندیخانەکانی سنە و سەقز ڕاگیراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە