شاکر بێهرووزی بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە

شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەکەی بۆ جاری دووەم لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و بە فەرمی

٨ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٦:١٩

 

هەنگاو: چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای سێدارەکەی بۆ جاری دووەم لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە و بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا، لە کاتژمێر ١١ی پێشنیمەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی پووشپەڕەوە بە بیانووی بینینی براکەی لە بەندی سیاسی براوەتە دەرەوە و هەتا ئێستا نەگەڕاوەتەوە.
 

جێگای باسە کە سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە و ڕۆژی شەممە ٤ی پووشپەڕ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە و بە پێی سزاکە لەو کاتەوە کە پێی ڕاگەیەندراوە ٢٠ ڕۆژ مۆڵەتی هەیە کە تانە لە بڕیاری دادگا بدات.
 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرنجدان بە فەرمانی تایبەتی دەزگای دادی ئێران بە نیسبەت جێبەجێکرانی بەپەلەی هەموو ئەو کەسانەی کە سزاکەیان پشتڕاستکراوەتەوە و هەروەها لەسێدارەدانی نهێنی فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە، وێڕای دەربڕینی بە پەرۆشی خۆی بۆ ئەگەری لەسێدارەدانی شاکر بێهرووزی داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگری بکەن لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە.

 

شاکر بێهرووزی خەڵکی گوندی دزەی مەرگەوەڕ کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی بەهاری ٢٧٢٠ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

 

شاکر بێهرووزی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو سزایە سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم سزایە بە تۆمەتی "بەغی" و» ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە «بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە. دواجار ئەم سزایە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢١ (جولای ٢٠٢١) لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

 

ئەم بەندکراوە سیاسییە مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣١ی دادگای بەرزی وڵات کە لە شاری قوم جێگیرە، پەسەند کراوە. سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە دوای ئەوەی شاکر بێهرووزی تانەی لەم بڕیارەی دادگاوە ئەو سزایە گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای باڵا و سەرلەنوێ پشتڕاستکراوەتەوە.

 

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بێهرووزی لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی وت: «شاکر بێهرووزی لە دانیشتنی دادگادا داوای کردووە کە شایەتحاڵەکان بەشداری دادگا بکەن، بەڵام دادوەر ئیزنی نەداوە کە بەشداری بکەن».

 

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: «شاکر لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە تابلێتێکی گەورە شێوازی کوژرانی مامل محەممەدی باوان، ئەندامی سوپای پاسدارانیان بە ناوبراو نیشان داوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاریان کردووە کە ئەو جووڵانەی بکات کە ئەوان دەیانەوێت».

 

هەروەها، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران داوای لە بنەماڵەی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت لەم دۆسیەیەدا ڕەزایەت بدەن و هەڕەشەی لەو بنەماڵە کردووە و شاکر بێهرووزیش هەر بەو هۆیەوە چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە.

 

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێهرووزی پێشتر لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە، شاکر ماوەی یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجە بووە هەتا دان بە تیرۆر کردنی ئەندامێکی ئیدارەی ئیتلاعات بنێت.

 

مامل محەممەدی کە ئەندامی سوپای پاسداران بوو، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٣ی مارسی ٢٠١٨) لە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە دەستی گرووپێکی نەناسراو کوژرا کە دواتر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیاری ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە