عەدنان رەشیدی چالاکی مافەکانی مرۆڤ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کەوتە بەر هێرشی کەسانێکی نەناسراو

٢٥ ڕەشەمە ٢٧١٩، ٢٣:٠٢


هەنگاو: چالاکێکی مافەکانی مرۆڤ کە پێشتریش بەندکراوی سیاسی بووە، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوە لە شارۆچکەی پێنجوێنی هەرێمی کوردستان هێرش کرایە سەری و بە توندی بریندار کراوە.


بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، رۆژی چوارشەممە، ٢١ی رەشەمەی ٩٨( ١١ مارس ٢٠٢٠) عەدنان رەشیدی، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری ئەو رێکخراوەیە، لە شارۆچکەی" پێنجوێن"ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوە هێرش کرایە سەری و بە توندی بریندار کراوە.


شکووه کەریمی، ئەندامی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە پێوەندییەکدا لە گەڵ "هەنگاو" وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند کە، عەدنان رەشیدی بە هۆی ئەو هێرشەوە سەر و دەستی شکاوە و لەشی جێگای لێدانی پێوە دیارە و چەندین جار لە رۆژدا لە هۆش خۆی دەچێ.


بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە، چەند کەسی دەمامکدار هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی عەدنان رەشیدی و ژن و منداڵی ناوبراویان رفاندووە و بە بارمتەیان گرتووە. ئەو کەسانە بۆ جاری دووهەم چوونەتەوە ماڵی ناوبراو و لێیان داوە و داوای لەپتاب، هارد و دەستنووسە تایبەیییەکانیان لێکردووە. پاش خۆبواردنی ناوبراو لە جێبەجێکردنی داواکارییەکەیان، کەسە نەناسراوەکان گرتەیەکی ویدیۆیی لە ژن و منداڵی عەدنان رەشیدی پیشانی ناوبرا ئەدەن کە بە بارمتەیان گرتوون و بەو شێوەیە ناوبراو ناچار ئەکەن داواکەیان جێبەجێ بکات.


عەدنان رەشیدی خەڵکی مەریوانە و پێشتر بەندکراوی سیاسی بووە و ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە و چالاکییەکانی درێژە پێ دەدات.


پێشتر و لە رێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٩٧ی هەتاوی( ١٧ی ژوئیەی ٢٠١٧) ئیقباڵ مورادی، باوکی بەندکراوی لەسێدارەدراو زانیار مورادی و ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە شارۆچکەی پێنجوێن تێرۆر کرابوو.


رێکخرای مافەکانی مرۆڤی هەنگاو وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە، داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە خێرایی بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسە بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە