فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی کورد بە نهێنی لەسێدارە درا

سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ بە شێوەی نهێنی و ب

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١١:١٠


هەنگاو: دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو تەمەن ٣١ ساڵ، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداری پارێزەر و بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا.

هەنگاو ئەمڕۆ  ڕایگەیاندبوو کە فیرووز موسالوو ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان بە بیانووی دیتنی لیژنەیەکی دەزگای داد بە مەبەستی پێداچوونەوە لەسەر دۆسیەکەی لە بەندی سیاسی براوەتە دەرەوە و گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و شەوی ڕابردوو بە دەست و پێ بەستراوی بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە

پەیوەندییە گشتییەکانی دادگوستەری پارێزگای ئورمیە هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییەی بە بێ ئاماژە دان بە ناوی فیرووز مووسالوو پشتڕاست کردووەتەوە.

هەنگاو سەرباری بانگەشەی میدیاکانی نزیک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ڕایدەگەینێت کە لە دۆسیەی فیرووز مووسالوو پێوەرێکی دادپەروەرانە لە پێش چاو نەگیراوە و ناوەندە ئەمنییەکان ئیزنیان نەداوە کە دۆسیەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵا بکرێت.

فیرووز مووسالوو کە پێشتر ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) بووە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی پووشپەڕی ٢٧١٩ دوای وەرگرتنی ئەمان نامە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر ڕۆژی پێنج شەممە ١٢ی بەفرانباری هەمان ساڵ دوای پێنج مانگ و ١٠ ڕۆژ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە، بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی لەو بەندە ڕاگیراوە.

فیرووز مووسالوو دواجار مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو دوای ٣٢ مانگ ڕاگیرانی لە بەندیخانە لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی موحاریبە لە ڕێگای «ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە