قوربانی بوونی ۴۳ هاووڵاتی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ۲۰۲۱ دا + لیستی ناوەکان

هەنگاو: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە ئەم دواییانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە چێندراوە

٣ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٢٣:٤٦

 

هەنگاو: تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە ئەم دواییانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە چێندراوە لە کوردستان بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ۲۰۲۱ زایینیدا، لانیکەم ٤٣ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە ژمارەی کوژراوەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی.٥٠٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە.

لە کۆی ئەو ٤٣ کەسە ١٥ کەسیان گیانی لەدەست داوە و ٢٩ دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە. ساڵی پێشووتر ١٠ کەس کوژرابوون و ٣٠ کەسیش بریندار و کەم ئەندام ببوون.

تەمەنی یەکێک لەوانەی کە گیانی لە دەست داوە بە ناوی محەمەد ڕەزا ڕەزایی مەجد ١٠ ساڵ بووە و ٣ ژن و مێرمنداڵێکی ١٨ ساڵ لە ناو قوربانییەکاندان.

 

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

لە ساڵی ڕابردوودا زیاترین قوربانییەکانی مین لە سنووری پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام بە ١٥ و ١٤ حاڵەت تۆمار کراوە.

پارێزگای سنە : ۷ حاڵەت کە بریتییە لە ٤ کوژراو و ٣ بریندار

پارێزگای ئیلام: ١٤ حاڵەت کە بریتییە لە ٧ کوژراو و ٧ بریندار

پارێزگای ئورمیە: ٧ حاڵەت کە بریتییە لە ٧ بریندار

پارێزگای کرماشان: ١٥ حاڵەت کە بریتییە لە ٤ کوژراو و ١١ بریندار

 

جیاکردنەوە بە پێی توێژی کۆمەلایەتی

زیاترین قوربانیانی مین لە کوردستاندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢١ لە توێژی کرێکار بوون کە لەو ماوەیەدا ٢٩ کۆڵبەر، شۆڤیر، شوان و کرێکار بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

کریکار: ٢٩ حاڵەت (٩ کوژراو و ٢٠ بریندار)

سەربازی: ٨ حاڵەت: (٥ کوژراو و ٣ بریندار)

مەدەنی: ٦ حاڵەت (١ کوژراو و ٥ بریندار)

 

هەرچەند لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کەڵک وەرگرتن لە مینی چێندراو بە تەواوەتی قەدەغە نەکراوە، بەڵام هێندێک بەربەستیان بۆ ئەوەی ئاسەوارەکانی بە کەمترین ئاستی خۆی بگات بۆ داناوە. بۆ وێنە لایەنەکانی شەڕ دەبێ نەخشەکانی ئەو کێڵگانەی کە مینیان تێدا چێندراوە ڕابگرن و دوای تەواوبوونی شەڕ ئەو کێڵگانە بە مەبەستی پشتگیری لە هاووڵاتیانی مەدەنی خاوێن بکەنەوە و مینەکان پووچەڵ بکەنەوە.

کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا حکوومەتەکانی پێبەند کردووە کە خۆ لە بەرهەم هێنان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینە دژە کەسییەکان ببوێرن،  هەرچەند ساڵانە کەسانێکی زۆر لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مینەوە دەبنە قوربانی، بەڵام ئەو وڵاتە هەتا ئێستا کۆنوانسیۆنی ئۆتاوای واژۆ نەکردووە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی خاچی سوور بە مەبەستی ئامادە کردنی یاسای چاوەدێر و مرۆڤدۆستانە ئەنجامی داوە، چەندین ڕێسا بە ژمارە ٨١، ٨٢ و ٨٣ سەبارەت بە مینە دژە کەسییەکان پێناسە کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

_ لە کاتی کەڵک وەرگرتن دەبێ سەرنجی پێویست بدرێت هەتا خەساراتی گیانی مرۆڤەکان کەمتر بێت.

_ ئەو لایەنانەی کە لە مین کەڵک وەر دەگرن دەبێ شوێنی چاندنی مینەکان تۆمار بکەن.

_ دوای شەڕ، لایەنەکانی شەر ئاسانکاری پێویست بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەنجام بدەن.

 

سەرباری ئەمانە، وڵاتانی ئێران و عێراق بەو یاسا نێو دەوڵەتییانە پێبەند نەبوون خۆ دەبوێرن لە جێبەجێ کردنیان.

 

داگرتنی فایلی PDFی لیستی ناوەکان

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە