قەدەم خەیر حەقانی زادە ئەو پەنابەرە کوردەی لە دانیمارک درایە بەر لێدان و کوتان بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرچوو

هەنگاو: ژنێکی کوردی پەنابەر کە لە یەکێک لە کەمپەکانی وڵاتی دانیمارک لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە درابووە بەر لێدان و کوتان، لە یەکێک لە دادگاکانی ئەو وڵ

١٢ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٢١:٥٠

 

هەنگاو: ژنێکی کوردی پەنابەر کە لە یەکێک لە کەمپەکانی وڵاتی دانیمارک لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە درابووە بەر لێدان و کوتان، لە یەکێک لە دادگاکانی ئەو وڵاتە دادگایی کرا و بڕیاری یەک مانگ دەستبەسەرکرانی بۆ دەرچوو.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی هەینی ١٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، قەدەم خەیر حەقانی زادە تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە ڕۆژی سێشەممە لە پێش چاوی دوو منداڵە ١١ ساڵانەکەی لەلایەن پۆلیسی وڵاتی دانیمارک درابووە بەر لێدان و کوتان و بێ ڕێزی پێکرابوو، لەلایەن دادگایەکی شاری کۆپێنهاکی دانیمارک دادگایی کراوە و دوای ئەوەی بڕیاری یەک مانگ دەستبەسەرکرانی بۆ دەرچووە بۆ دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

سیرووس عەزیززادە شووی قەدەم خەیر لەو بارەوە بە هەنگاوی وتی: «دادوەر لە دادگا ڕایگەیاندووە کە قەدەم خەیر دەبێت دەستبەسەر بێت هەتا کارە ئیدارییەکانی تەاو دەبێت و لەگەڵ بنەماڵەکەی دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە». ناوبراو وتووشیە کە ئەگەر قەدەم خەیر ئازاد بکرێت لەگەڵ بنەماڵەکەی دەڕۆنە وڵاتێکی دیکە و هەر بۆیەش دەبێت هەتا ئەو کاتەی دیپۆرت دەکرێنەوە دەستبەسەر بێت.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوە، قەدەم خەیر و دوو منداڵە ١١ ساڵانەکەی بە ناوەکانی یووسف و یوونس لەلایەن پۆلیسی دانیمارکەوە دیپۆرتی ئیستەنبوڵ کران هەتا لەوێوە بۆ ئێران دیپۆرت بکرێنەوە، بەڵام دوای ئەوەی لە کاتی سوار بوونی فڕۆکە ئێرانییەکە هات و هاواریان کردبوو و لە خۆیان دابوو، فڕۆکە ئێرانییەکە ئیزنی نەدابوو کە سەربکەون و هەر بۆیەش پۆلیسی دانیمارک ناچار کرابوو بیانگێڕیتەوە بۆ دانیمارک کە دوای گەڕانەوەیان قەدەم خەیریان لەپێش چاوی دوو منداڵە ١١ ساڵەکەی دابووە بەر لێدان و کوتان و دەستبەسەریان کردبوو و لە منداڵە یەک ساڵانەکەی جیایان کردبووەوە.

لەو ڕووەوە کە باوکی قەدەم خەیر ناسراو بە «ئەسکەر گوڵە» و هەروەها سولتان موراد عەزیززادە باوکی سیرووس لە چالاکانی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکرات بوو و ئەسکەر گوڵە لەلایەن ئێرانەوە تیرۆر کراوە و سولتان مورادیش دەستبەسەر و دواتر لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان لە سێدارە دراوە و هەروەها هەر دوویان لە کەمینەی یارسانن، لە ئەگەری گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران گیانیان بەرەوڕووی مەترسیی جددی دەبێتەوە.

پۆلیسی دانیمارک لەو ڕووەوە کە قەدەم خەیر ساڵی ٢٠١٤ بە پاسپۆرت چووەتە تورکیا و لەوێوە چووەتە وڵاتی دانیمارک، لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ناوبراو لە ئێران هیچ کێشەیەکی نییە و لە ماوەی ئەو ساڵانەدا چەندین جار داوای پەنابەریی ناوبراوی ڕەد کردووەتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی کردەوەی دام و دەزگا پەیوەندییەکانی دانیمارک لەو دۆسیەیەدا ئەم کارەی بە پێشێلکردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەزانێت و داوا دەکات کە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و هەروەها تایبەت بە پرسی پەنابەران گرنگییەکی زیاتر بەم دۆسیەیە بدەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە