لە سەردەشت سێ هاووڵاتیی کورد کە دوو کەسیان خوێندکارن دەستبەسەر کران

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کورد لە شارۆچکەی ڕەبەتی سەر بە شاری سەردەشت لە پارێزگای ئورمیە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری

٢١ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٨:١٤

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کورد لە شارۆچکەی ڕەبەتی سەر بە شاری سەردەشت لە پارێزگای ئورمیە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٩ی ژانویەی ٢٠٢١) سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فەرهاد مووساپوور، فەرەیدوون مووساپوور و بەهمەن یوسفزادە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

بەهمەن یۆسفزادە خەڵکی گوندی سیسێر و خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری مهاباد بووە و هێزە ئەمنییەکان پاش دەستبەسەر کردنی، ماڵی باوکیشیان پشکنیوە.

لە لایەکی دیکەوە فەرهاد مووساپوور خوێندکار و مامۆستای زمانی ئینگلیسی، لەگەڵ براکەی فەرەیدوون مووساپوور، لە فێرگەی زمانی ئینگلیسیی "ڕێزمان" دەستبەسەر کراون. هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانی ئەم دوو برایەشدا گرتووە.

تا کاتی ئامادە بوونی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم سێ هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاراستەیان کراوە، ڕوون نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە