لە سەردەشت ژنێک بە پاساوی نامووس کوژرا

هەنگاو: ژنێکی لاو کە سێ ساڵ پێش لە هاوژینەکەی جیا ببووەوە و دەیهەویست شوو بە کەسێکی دیکە بکا، بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکەی کوژرا.

٢٦ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٢٢:١٠

 

هەنگاو: ژنێکی لاو کە سێ ساڵ پێش لە هاوژینەکەی جیا ببووەوە و دەیهەویست شوو بە کەسێکی دیکە بکا، بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکەی کوژرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٤ی ژانویەی ٢٠٢١) ژنێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی "سۆنیا دێهقان"، تەمەن ٢٥ ساڵە، بە دەستی براکەی و کوڕە مامێکی بە ناوەکانی "ک" و "ه" کوژراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند دیار نییە سۆنیا بە چ شێوەیەک کوژراوە، بەڵام تەرمەکەی بۆ پشکنینی پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" لە ئورمیە و پۆلیسیش سەردانی ماڵەکەیانی کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر نەکراوە.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سۆنیا لەمبارەیەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند: سۆنیا بە دەستی براکەی و کوڕەمامەکەی خۆی بە پاساوی نامووسەوە کوژراوە. بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە سۆنیا سێ ساڵ لەمەوبەر لە هاوژینی جیا ببووەوە و بە هۆی ئەوەی دایک و باوکیشی پێشتر لێک جیا بوونەتەوە، ئەو لەگەڵ مناڵە شەش ساڵانەکەی لە لای دایەگەورەی دەژیا.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند سۆنیا بە تەما بوو لەگەڵ کەسێکی دیکە ژیانی هاوبەش دەست پێ بکا و بە هۆی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسەوە بە ئەمری باوکی کوژراوە. باوکی سۆنیا بە ناوی "کەیوان دێهقان" ساڵەهایە بە تۆمەتگەلی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە بەندیخانەی ئورمیە، بەندکراوە.

شایانی ئاماژە پێ کردنە، سۆنیا یەکەم جار لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵیشدا ژنێکی دیکەی خەڵکی سەردەشت بە ناوی وفا عەبدوڵڵا زادە، بە پاساوی نامووس، بە دەستی براکانی و بە چەک کوژرابوو


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە