زانیاری زیاتر لە سەر کوژرانی ژنێکی خەڵکی سەردەشت لە ژێر ناوی شەرەف

هەنگاو: دوای چوار ڕۆژ لە کوژرانی ژنێک لە شاری سەردەشت هەنگاو زانیاری زیاتر لە سەر ئەو قەتڵە کە لەژ

٢١ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٠:٤٠

 

هەنگاو: دوای چوار ڕۆژ لە کوژرانی ژنێک لە شاری سەردەشت هەنگاو زانیاری زیاتر لە سەر ئەو قەتڵە کە لەژێر ناوی نامووس و شەرەف ئەنجام دراوە، بڵاو دەکاتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣ی شەوی دووشەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٧ی دێسامبری ٢٠٢٠)، ژنێکی خەڵکی سەردەشت بە ناوی وەفا عەبدوڵڵازادە تەمەن ٤٣ ساڵ لەگەڕەکی ”شەهید عەلیپوور“ (کانی مەر)ی ئەو شارە لە پێش ماڵەکەی خۆی کوژرا. دوای چواڕ ڕۆژ لەو ڕووداوە هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی فەرمی و حکوومەتی لەوبارەوە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نەداوە.

هەنگاو زانیویە کە ئەو ژنە لاوە لە ژێر ناوی نامووس و شەرەف و بە دەستی براکەی بەناوەی ئاوارە و برازاکەی بە ناوی هاوژین کوژراوە. ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئەو ژنە بە ەبشداری چەند کەس بەڕێوە چووە و بنەماڵەکەی هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێکی سەرەخۆشییان دانەناوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵڵازاده بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە ”لەو ڕووەوە کە مامی ئاوارە نزیکەی ٢٥ ساڵە لە دادگای شاری سەردەشت ئیش دەکات، بە بکار بردنی هێزی خۆی لە خسنە ڕووی ڕای پزیشکی دادوەری بۆ باقی ئەندامانی بنەماڵە و چەند ڕۆژنامەنووسێک کە لەو هەواڵە ئاگادار بوون پێشگیری کردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، ” مامی دەستڕۆشتووی ئاوارە هەڕەشەی لە بەرێوەبەرانی هەموو کاناڵە تێلگرامییەکانی شاری سەردەشت کردووە کە ئەگەر ئەو هەواڵە ڕووماڵ بکەن، بە توندی بەرپرچیان دەدرێتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانە کە هەنگاو پێشتر بڵاوی کردووەتەوە، وەفا عەبدوڵڵازاده ساڵی ڕابردوو لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و بە تەنیا لە ماڵێک ژیاوە و بنەماڵەی باوکیشی هاتووچۆیان نەکردووە. دەوترێت کە وەفا لەگەڵ پیاویکی دیکە ویستوویە ژیانی هاوبەش پێک بێنێت و هەر ئەمەش هۆکاری کوژرانەکی بووە.


جێگای ئاماژەیە کە هاوژینی ئاوارە عەبدوڵڵازده بە ناوی مەعسوومە بریاجی تەمەن ٣١ی ساڵ مانگی بانەمەڕی ٢٧١٩ (ئاوریلی ٢٠١٩)، لەکاتێکدا دوو گیان بوو، دوای ئەوەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە درابووە بەر لێدان و کوتان، خۆی هەڵواسیبوو و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو. هەروەها باوکی هاوژین چەند ساڵ پێش لە تێکهەڵچوونێکدا کوژراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە