لە کرماشان ژنێک بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا

هەنگاو: پیاوێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کرماشان بە هۆی کێشەی خێزانییەوە هاوژینەکەی کوشت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

٤ سەرماوەز ٢٧٢١، ٢٠:١٢

 

هەنگاو: پیاوێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی کرماشان بە هۆی کێشەی خێزانییەوە هاوژینەکەی کوشت و دواتر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٨ی بەیانی ڕۆژی دووشەممە ١ی سەرماوەزی ٢٧٢١ (٢٢ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، ژنێک بە ناوی “سورەیا یاری” تەمەن ٤٤ ساڵ بە دەستی هاوژینەکە و لەڕیگای بەکارهێنانی چەکەوە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هاوژینی سقورەیا یاری بە ناوی “ئەسکەندەر مورادی” تەمەن ٥٥ ساڵ بە هۆی دەمەقاڵە و کێشەی خێزانییەوە لەگەڕەکی “شارەکی موعەلیم” تەقەی لە سورەیا کردووە و کوشتوویە.

جێگای ئاماژەیە کە ئەسکەندەر مورادی دوای ئەوەی هاوژینەکەی کوشتووە هیزەکانی پۆلیسی ئاگادار کردووەتەوە و دوای گەیشتنی ئەو هێزانە بۆ شوینی تاوانەکە گوللەیەکی بە زاری خۆی ناوە و خۆی کوشتووە.

بەپشتبەستن بە ڕاپۆرتێک کە هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، لە ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢١ لانیکەم ٤٤ ژن لە شارە جیاجیاکانی کوردستان کوژراون کە ١١ حاڵەتی بە پاساوی نامووس و شەرەف بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە