ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان (نۆڤەمبری ٢٠٢١)

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر وەک ساڵانی ڕابردوو و بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕحژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر پێ

٤ سەرماوەز ٢٧٢١، ٠١:٥٦

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر وەک ساڵانی ڕابردوو و بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕحژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ڕاپۆرتێکی ئاماری لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی  ژنان لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕاێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا )٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) لانیکەم ١٩٦ حاڵەتی پیشێلکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان تۆمارکراوە کە بریتییە لە دەستبەسەر کرانی ٣٦ چالاکی ژن و سەپاندنی سزای بەندکران بە سەر ٩ چالاک، کوژرانی ٤٤ ژن و خۆکوشتنی ١٠٧ ژنی دیکە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

دەستبەسەر کرانی ٣٦ ژن لە کوردستاندا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانیکەم ٣٦ چالاکی ژن لە کوردستاندا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە و لەو ماوەیەدا، ٩ چالاکی ژن لە پارێزگای کرماشان، ١٤ چالاکی ژن لە پارێزگای سنە، ١١ چالاکی ژن لە پارێزگای ئورمیە و ٢ چالاکی ژنیش لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون. هەروەها ژنێکی خەڵکی باکووری کوردستانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

لە کۆی ئەو ٣٦ ژنەی کە دەستبەسەر کراون ٢٨ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٦ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و ٢ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

سەپاندنی سزای بەندکران بە سەر ٩ چالاکی ژنی کورد

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٩ چالاکی ژنی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە ئەم ٩ ژنە سەرجەم سزای ٢٥ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە کە ٦ کەسیان چالاکی سیاسی بوون و ٣ کەسیان چالاکی مەدەنی.

 

کوژرانی ٤٤ ژن لە کوردستان 

لە ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢١ لانیکەم ٤٤ ژن و کچی کورد کوژراون کە زۆرینەیان بە دەستی خزم و کەس و کاری نزیکی خۆیان کوژراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ١٤ ژن لەپارێزگای کرماشان، ٩ ژن لە پارێزگای ئورمیە، ١٣ ژن لەپارێزگای سنە و ٨ ژن لە پارێزگای ئیلام کوژراون.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لەو ژمارەیە ١١ کەسیان بە پاساوی نامووس و شەرەف کوژراون. هەروەها ٢٢ کەس بە هۆی کێشەی خێزانی، ٢ کەس بە هۆی کێشەی دەروونی، ٤ کەس بە مەبەستی دزینی زێڕ و پارە، ٢ کەس بە هۆی ڕەدکردنەوەی داوای خوازبێنی و ٢ کەسیش بە هۆی کێشی ماڵی و ئابووری کوژراون.

لە کۆی ئەم حاڵەتانە ٢١ کەسیان لە رێگای بەکارێهنانی چەک، ٨ کەسیان لەرێگای بەکارهێنانی چەق، ٥ کەسیان لەڕێگای ئاگرتێبەردان، ٤ کەسیان لەرێگای خنکاندن و ٤ کەسیان لەڕێگای لێدان و ئەشکەنجە کوژراون و چۆنێتی کوژرانی دوو کەسیان نادیارە.

 

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٠٧ ژن لە کوردستان خۆیان کوشتووە

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٠٧ حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان لە کوردستان لەلایەن هەنگاوەوە تۆمار کراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ڕابردوودا ٥٢ حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان لە پارێزگای ئورمیە، ٢٤ حاڵەت لەپارێزگای سنە، ٢٢ حاڵەت لەپارێزگای کرماشان و ٩ حاڵەت لە پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە.

کێشەی خێزانی هۆکاری ٧٣ حاڵەتی ئەم خۆکوشتنانە بووە. هەروەها ٨ حاڵەت بە هۆی کیشەی دەروونی و خەمۆکی، ٥ حاڵەت بە هۆی کێشەی ئابووری و هەژاری، ٢ حاڵەت بەهۆی  ڕێگری بنەماڵە لە شوو کردن، حاڵەتێک بە هۆی بەشوودانی زۆرەملی و هەروەها حاڵەتێکش بەهۆی ڕێگری بنەماڵە لە درێژەدان بە خوێندن تۆمار کراوە. هۆکاری خۆکوشتنی ١٧ حاڵەتیش بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

لەم ژمارەیە ٦٤ ژن لەڕێگای خۆهەڵواسین، ١٧ ژن لەڕێگای خۆسووتاندن، ١٥ ژن لەڕیگای خواردنی حەب و دەرمان، ٦ ژن لەڕێگای خۆفڕێدان لەبەرزایی و ٥ ژن لەڕێگای بەکارهێنانی چەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 

 

ناسنامەی تەواوی ئەم ١٩٦ حاڵەتە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدراوە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە