محەمەد ئوستاد قادر، بەندکراوی سیاسی کورد بە مەرج ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز کە لەبەندیخانەی شاری سنە ڕاگیرابوو، بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرا.

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٢٢:٢١


هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەقز کە لەبەندیخانەی شاری سنە ڕاگیرابوو، بە مەرج لە بەندیخانە ئازاد کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ بانەمەڕێ ٢٧٢٠ (٢١ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، محەمەد ئوستاد قادر، بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەقز دوای تێپەڕاندنی نزیک دوو ساڵ لە ماوەی حوکمەکەی بە مەرج لە بەندیخانەی شاری سنە ئازاد کرا.

محەمەد ئوستاد قادر و هۆشمەند عەلی پوور کە ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بوون، ڕۆژی هەینی ١٢ی گەلاوێژی ٢٧١٨ ( ٣ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لەلایەن هیزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و شەوی ١٦ی گەلاوێژ و تەنیا دوای ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانیان دانپێدانانی زۆرەملەی ئەم دوو کەسەلە تلویزیۆنی ئێرانەوە بڵاو کرایەوە.

ئەو دوو چالاکە سیاسییە ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر ٢٧١٩ (٣١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)ی ئەمساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سنە دادگایی کرابوون و ڕۆژی یەکشەممە ٨ی بەفرانبار (٢٩ی دێسامبری )، حوکمی سێدارەی ”هۆشمەند عەلیپوور“ چالاکی سیاسی خەڵکی سەردەشت و حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی ”محەمەد ئوستاد قادر“ خەڵکی سەقز بە پارێزەر و بنەماڵەکانیان ڕاگەیەندراوە.


هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ەئو دوو بەندکراوە بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کراوە و داوایان لێ کراوە کە ناوی هاوڕێکانی خۆیان ئاشکرا بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە