هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە بەهاری ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن .

١ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٢٣:٢٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە بەهاری ئەمساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کەماڵ عەبدوڵڵاهی هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.

ئەو حوکمە بە تۆمەتی ” سیخوڕی بۆ ئەمریکا و هاوکاری حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران“ بە سەر کەماڵدا سەپێندراوە و ڕۆژی یەکشەممە (٣٠ی بەفرانباری ٩٧ / ٢٠ی ژانویەی ٢٠١٩) لە نێو بەندیخانەی ئورمیە بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

کەماڵ عەبدوڵڵاهی ڕۆژی شەممە (١٥ی بانەمەڕی ٢٧١٨ / بەهاری ٢٠١٨) لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و دوای سێ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرابوویەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ئێستا لە بەندی گشتی (٣ـ٤)ی بەندیخانەی دەریای ئورمیە ڕاگیراوە و ماوەی حوکمەکەی تێدەپەڕینێت.

دادگای شۆڕشی ئورمیە هەمان ڕۆژ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی پیرانشاری بە ناوی محەمەد پەتایشی بە ٧ ساڵ بەندکران مەحکووم کردبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە