محەمەد پەتایشی حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە زستانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەرییی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

٣٠ بەفرانبار ٢٧١٨، ٢٢:٢١

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار کە زستانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەرییی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد پەتایشی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٩ ساڵی خەڵکی گوندی قەمتەرەی پیرانشار کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو حوکمە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ  یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) بە سەر محەمەد پەتایشی سەپێندراوە.

ئەو بەندکراوە کوردە لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و ئەو حوکمە ڕۆژی سێشەممە ( ٣٠ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ٢٠ی ژانویەی ٢٠١٨) لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بە فەرمی بەناوبراو ڕاگەیەندراوە.

محەمەد پەتایشی کوڕی محەمەد کەریم، ڕۆژی سێشەممە (٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٧ / ٢٧ی فوێریەی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و دوای ٧ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی پیرانشار و ئورمیە دواجار پاییزی ئەمساڵ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە و ئێستا لەوێ ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە