ئورمیە: دەستبەسەرکرانی دوو کچە خوێندکاری خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

١١ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٧:٠١


هەنگاو: دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

دوو کچە خوێندکاری خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی، کەوسەر کەوسەرنیا و باوان لوتفی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئورمیە بە مەبەستی شەرمەزار کردنی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، باوان لوتفی و کەوسەر کەوسەرنیا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی سێ شەممە ٢٩ی خەرمانان ٢٧٢٢ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) لە یەکێک لە شەقامەکانی ئورمیە دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەو دوو کچە خوێندکارە، دوای چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراونەتەوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە باوان لوتفی خوێندکاری کارناسی نیگارکێشی و کەوسەر کەوسەرنیا خوێندکاری بەشی وێنەگری زانکۆی ئورمیە بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە