ئورمیە/ ڕاگواستنی دوو بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی

هەنگاو: دوو بەندکراوانی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ئورمیە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.

٢٣ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:١٢


هەنگاو: دوو بەندکراوانی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە بەندیخانەی ئورمیە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕ (١٣ی ژوئیە ٢٠٢٠) دوو بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە بە ناوەکانی سابیر شەێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ رەسووڵزادە لە بەندی ٢-١ی بەندیخانەی ئورمیە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەبەندیخانەی ئورمیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە گواستنەوەی لە ناکاوی ئەو دوو بەندکراوە بۆ ژووری تاکەکەسی نارەزایەتی باقی بەندکراوانی لێکەوتووەتەوە بە جۆرێک کە بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان نەداوە بەندکراوان لە ساڵۆنی بەندیخانە کۆ ببنەوە. ئەو سەرچاوەیە وتیشێ کە پاسەوانی بەندیخانە وتوویە کە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.


 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئەوەی کە نیگرانی گواستنەوەی لەناکاوی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییەیە بۆ ژووری تاکەکەسی، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات هەتا گوشار بخەنە سەر حکوومەتی ئێران و ڕێگری بکەن لە جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە.


ئەو دوو هاووڵاتیە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی ڕەشەمەی ٢٧١٣ (١٤ی مارسی ٢٠١٤) هەتاوی لەگەڵ هاووڵاتیەکی دیکەی شاری مەهاباد بە ناوی “حوسێن عوسمانی” لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی مەهابادەوە حوکمی سێدارە لە پێش چاوی خەڵکیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی ئەنجامی تەقینەوە لە ساڵی ١٣٨٩ و ئەندامەتی لە کۆمەڵە ئەو حوکمەیان بەسەردا سەپا.

حوکمی سێدارەی حوسەین عوسمانی لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن دیوان باڵای وڵات هەڵوەشێندرایەوە و پەروەندەی دیاکۆ و سابیر نێردرا بۆ دادگایی شۆرشی ئورمیە، حوسەین عوسمانی مانگی رەزبەر ساڵی ڕابردوو حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.


سابیر و دیاکۆ ساڵی ١٣٩٦ بۆ جاری دوهەم و لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی قازی چابۆک، بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتی کۆمەڵە حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و ئەو حوکمە لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند کرا و بە مەبەستی جێبەجێ کردن نێردراوەتەوە بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی حوکمەکان.


ئەو سێ بەندکراوە سیاسیە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دانپێدانان ئەشکەنجە کراون لە ئاکامدا ناچار کران لە دانپێدانانی تلویزیۆنیدا بەشدار بن.

ئەو دانپێدانانە لە حاڵێکدا بووە کە ڕێکەوتی ٤ی مانگی رەزبەری ساڵ ١٣٨٩ محەمەد پاکوپور فەرماندەی هێزی ویشکانی سپای پاسداران کوژرانی بەڕێوەبەرانی تەقینەوەی مەهابادای ڕاگەیاندووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە