ئورومیە/ ئەگەری جێبەجێکرانی شاراوەی حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی کورد

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئورومیە کە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە، ماوەی چوار رۆژە بۆ .

٢٢ خەرمانان ٢٧٢٠، ٠٦:٢٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئورومیە کە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە، ماوەی چوار رۆژە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و چارەنووسی ناڕوونە.
 

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە بەندی " رەوان دەرمان"ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە بە ناوی " رەحیم بەرین" خەڵکی مەهاباد، لە رۆژی چوارشەممە ١٩ی خەرمانان ( ٩ی سێپتامبر) گوازراوەتەوە بۆ دەرەوەی بەندیخانەکە و تا ئێستا نەهێنراوەتەوە بۆ بەندەکەی. ئەوەش بۆتە هۆی نیگەرانیی زۆر لە ئەگەری جێبەجێ بوونی شاراوەی حوکمی سێدارەی ناوبراو. 
 

رەحیم بەرین، خەڵکی مەهاباد، ١٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی " هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە رێگای پێوەندی لە گەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران و کوشتنی ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانی ئێران" لە رەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک پاش کوژرانی " شوانە سەید قادر" لە پووشپەڕی ٢٧٠٥( جولای ٢٠٠٥) حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا. 
 

بە وتەی نزیکانی رەحیم بەرین، ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەدا بە زۆرەملێ دانپێدانانی لێ وەرگیراوە و چەندین جار لە ناو هاوبەندییەکانیدا وتوویە کە کەسی نەکوشتووە و لە ژێر ئەشکەنجەدا دانی پێداناوە. ناوبراو چەندین جاریش هەوڵی خۆکوشتنی داوە کە بەو هۆیەوە بۆ بەندی رەوان دەرمانی بەڕێ کراوە. 
 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورومیەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە بنەماڵەی کوژراوەکە داوایان لە داواکاری گشتی کردووە بۆ خۆی بڕیار بدات کە رەحیم لە سێدارە بدرێت یان نە. حەبیبی داواکاری گشتی ئورومیە دوو مانگ پێش بە ناوبراوی وتووە کە بە زوویی لە سێدارە دەدرێ. 
 

شوانە سەید قادر لە رێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٠٥ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە کوژرا و تەرمەکەشیان بە سەیارە بە ناو شاردا گێرا کە ئەمە بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەرین لە زیاتر لە ١٠ شاری کوردستاندا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە