وەرزشکارێکی ناسراوی ئیلامی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری دێهلوڕانی پارێزگای ئیلام، وەرزشکارێکی ناسراوی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە

٣٠ خاکەلێوە ٢٧٢١، ٠٨:٢١

 

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شاری دێهلوڕانی پارێزگای ئیلام، وەرزشکارێکی ناسراوی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و تا ئیستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نیە.

بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی هەینی ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢١( ١٦ی ئاوریلی ٢٠٢١) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێهلوڕان هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەکبەر(هیوا) حەیدەرپوور و بێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند کە هیوا حەیدەرپوور، بە تۆمەتی هاوکاری لە گەڵ حیزبێکی کوردستانیی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوون بەڕێ کراوە. پاش تێپەڕینی چوار رۆژ لە دەستبەسەربوونی ئەو هاووڵاتییە چارەنووس و شوێنی راگرتنی نادیارە.

سەرچاوەکە هەروەها وتیشی کە هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە سەر کەرەستە ئەلەکترۆنییەکانی هیوا حەیدەرپووردا لەوانە موبایلەکەی گرتووە و هەروەها پاش دەستڕاگەیشتن بە ئەکاونتی تایبەتیی ناوبراو، وێنەیەکی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان خستۆتە سەر پرۆفایلی تێلگرامەکەی.

هیوا حەیدەرپوور بروانامەی دوکتۆرای نێودەوڵەتی هونەرە جەنگییەکان لە فێدراسۆنی جیهانیی WFSF وەرگرتووە و ئەندامی کۆڕی ئولەمپیکی خویندکاریی ئاسیا و کۆڕی وەرزشی پۆلیسی نیودەوڵەتی( ئێنترپۆل) و مامۆستای پلە یەکی فێدراسۆنی وشۆی ئێران و دامەزرێنەری وشۆی شاری دێهلوڕانە.

شایانی باسە رۆژی سێشەمە ٢٤ی خاکەلێوە ( ١٣ی ئاوریل) دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری "پەهلە"ی دێهلوڕانیش بە ناوەکانی " ستار کەریمی" و " سەعید کەرەمی" هەر بەو تۆمەتە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە