پزیشکی دادی ئورمیە کەم ئەندام بوونی ئەکبەر ڕەشیدی پشتڕاست کردەوە + ڤیدیۆ

هەنگاو: فەرمانگەی گشتیی پزیشکی دادی ئورمیە، کەم ئەندام بوونی بەندکراوێکی ئایینی بە پلەی کەمئەندامیی زۆر سەختی پشتڕاست کردەوە؛ سەرەڕای ئەوەش

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١١:٤٣

 

هەنگاو: فەرمانگەی گشتیی پزیشکی دادی ئورمیە، کەم ئەندام بوونی بەندکراوێکی ئایینی بە پلەی کەمئەندامیی زۆر سەختی پشتڕاست کردەوە؛ سەرەڕای ئەوەش بڕیاری ئازاد بوونی ئەو بەندکراوەی دەرنەکردووە و درێژەی بەندکرانەکەی بەستووەتەوە بە دابین کردنی هەلومەرجی تەندروستیی شیاو بۆ ئەو بەندکراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فەرمانگەی گشتیی پزیشکی دادی ئورمیە لە نامەیەکدا بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕایگەیاندووە: کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پسپۆڕیی مێشک و دەماری پزیشکیی داد لە ڕۆژی چواری بەفرانباردا، لەسەر دۆسیەی ئەکبەر ڕەشیدی، بەندکراوی ئایینی، لە شوێنی فەرمانگەی گشتیی پزیشکی دادی ئورمیە بەڕێوە چووە.

لەم نامەیەدا هاتووە: پزیشکی داد، کەم ئەندام بوونی ئەم بەندکراوە تەمەن ٣٤ ساڵەیەی پشتڕاست کردووەتەوە و لە ئەگەری دابین کردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی پێویست دەتوانێ بەرگەی بارودۆخی بەندیخانە بگرێت.

هەنگاو پێشتر وەک یەکەم سەرچاوە کە دۆسیەی ئەکبەر ڕەشیدی بە ڤیدیۆوە بڵاو کردبووەوە ڕایگەیاندبوو کە ئەم بەندکراوە ئایینییە، تەنانەت بۆ کاروباری کەسێتیی خۆی پێویستی بە یارمەتیدەر هەیە و بەندکراوانی دیکە لەم بوارانەدا یارمەتیی دەدەن.


ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی ڕیزبەندیی قورسیی کەمئەندامیی ڕێکخراوی خۆش بژێوی ئێران کەمئەندامی لەئەندازەبەدەرە و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەژێر چاوەدێریی ئەو رێکخراوەدا بووە و بە تەنیایی توانای تێپەڕاندنی کاروبارە تاکەکەسییەکەی خۆی نییە. ناوبراو بەهۆی دوو لاق و دەستێکی بەتەواوەتی لە کار کەوتوون.
 

ئەکبەر ڕەشیدی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ و ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە یەک ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە