ئەکبەر ڕەشیدی بەندکراوی مەزهەبی و کەم ئەندام مانی گرت

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی کورد کە هاوکات کەم ئەندامیشە، لە هۆڵی بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە مانی گرت.

٢٨ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٣:٢٦

 

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی کورد کە هاوکات کەم ئەندامیشە، لە هۆڵی بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە مانی گرت.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، ئەکبەر ڕەشیدی، بەندکراوی مەزهەبی و کەم ئەندامی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لە کاتی سەردانی حەمزە برووجێنی، بەرپرسی گشتیی بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە، لە هۆڵی بەندیخانە مانی گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەمزە برووجێنی بە مەبەستی گوێدان بە داواکاری ٤٥ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی بەندیخانەی ئورمیە کە چەند ڕؤژ پێش بە کۆمەڵ مانیان لە خواردن گرتبوو، سەردانی بەندیخانەی کردووە و لەکاتی سەردانی ناوبراو ئەکبەر ڕەشیدی ویلچرەکەی فڕێ داوە و لە سەر ئەرزی هۆڵی بەندیخانە مانی گرتووە.
 

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا ڕایگەیاند کە، برووجێنی هەرلەوێ زەنگی بۆ داواکاری گشتی داوە و پێی وتووە کە بۆچی پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەم بەندکراوە ناکەن و ئەو نابێ لێرە بێت.
جێگای ئاماژەیە کە ئەکبەر ڕەشیدی بە پێشنیاری بەندکراوانی ڕاگیراو لە بەندی سیاسی بە هۆی ئەوەی تواناییان نەبووە چاوەدێری بکەن بۆ بەندی بێهداری بەندیخانە کە تایبەتە بە کەم ئەندامەکان، بریندارەکان و نەخۆشەکان گوازراوەتەوە.
 

ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (١٩ ژوئن ٢٠١٩) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران ئەکبەر ڕەشیدییان دەستبەسەر کرد و پاش ٤٨ ڕۆژ ڕاگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی هەمان ساڵ ( ٧ی سێپتامبر) بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەیان ڕاگوێزرا.


ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی ڕیزبەندیی قورسیی کەمئەندامیی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران کەمئەندامی لەئەندازەبەدەرە و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەژێر چاوەدێریی ئەو رێکخراوەدا بووە و بە تەنیایی توانای تێپەڕاندنی کاروبارە تاکەکەسییەکەی خۆی نییە. ناوبراو بەهۆی دوو لاق و دەستێکی بەتەواوەتی لە کار کەوتوون.
 

ئەکبەر ڕەشیدی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ و ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە ٥ ساڵ و هەروەها بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە لە دژی نیزام” بە یەک ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، ڕەسووڵ ڕەشیدی لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی و برای ئەکبەر ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ٢٧١٩ (١ آگوست ٢٠١٩) لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر لە رێکوتی ١٦ی خەرمانان هاوڕێ لەگەڵ براکەی بۆ بەندیخانەی ئورمیە ڕاگوێزراوە.

 

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە کرێکاری بیناسازی و کرێنشین و باوکی منداڵێکە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”یاخیبوون و ئەندامەتیی لە گرووپە جیهادییەکان” بە ١٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە