چارەنووسی دوو پەنابەری کوردی سەرنشینی بەلەمە نوقم بووەکەی کەناڵی مانش نادیارە

هەنگاو: سەرباری تێپەڕینی چەندین ڕۆژ لە نوقمبوونی بەلەمێکی پەناخوازان لە کەناڵی مانش و گیان لە دەست دانی پێنج ئەندامی بنەماڵەیەکی سەردەشتی، هێشتا چارەنوو

١٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٤:١٥

 

هەنگاو: سەرباری تێپەڕینی چەندین ڕۆژ لە نوقمبوونی بەلەمێکی پەناخوازان لە کەناڵی مانش و گیان لە دەست دانی پێنج ئەندامی بنەماڵەیەکی سەردەشتی، هێشتا چارەنووسی دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە کە سەرنشینی ئەو بەلەمە بوون، نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرباری ئەوەی پێنج ڕۆژ لە نوقمبوونی بەلەمێکی هەڵگری پەنابەران لە ئاوەکانی کەناڵی مانش لەنێوان فەڕانسا و بریتانیا ، چارەنووسی دوو پەنابەری کوردی دیکەی خەلکی سەردەشت نادیارە و ماڵپەڕێکی فەڕانسەوی ڕایگەیاندووە کە ژماریە گیان لەدەستداوانی ئەو ڕووداوە بۆ ٧ کەس بەرز بووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوو پەنابەری دیکەی خەڵکی سەردەشت بە ناوەکانی یوسف خزری تەمەن ٣٢ ساڵ خەڵکی گوندی غڕوەیس سەر بە ناوچەی ئالان و شۆڕش سووری تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی گوندی مارەغان سەرنشینی ئەو بەلەمە بوون کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر (٢٧ی سیپتامبر) لە ئاوەکانی کاناڵی مانش نوقم بوو و چارەنووسیان نادیارە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی خزری لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، هاوڕێیانی ئێمە لە فەڕانسە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسیان چوونەتە لای پۆلیسی فەڕانسا، بەڵام پۆلیس پێیانی ڕاگەیاندووە هەتا ڕۆژی دووشەممە ناتوانیین هیچ وڵامێکتان پێبدەینەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری یەکێک لە پەنابەرە رزگاربووەکانی ئەو بەلەمە وتیشی کە یوسف و شۆڕش جلیسقەیان پێنەبووە و بەرەو لێوارەکانی فەڕانسا مەلەیان کردووە و لەوکاتەوە هیچ هەواڵێکیان لە سەر نیە.

بەم حاڵەش، ماڵپەڕێکی فەڕانسەوی کە هەواڵی تایبەت ب ەپەنابەران بڵاو دەکاتەوە ڕایگەیاندووە کە دەبێ چاوەڕێی ئەوە بین کە ژمارەی گیان لەدەست داوانی بەلەمە نوقم بووەکەی کاناڵی مانش بۆ حەوت کەس بەرز بێتەوە.

لەو ڕووداوەدا بنەماڵەیەکی پێنج کەسی خەڵکی سەردەشت کە سێ کەسیان منداڵ بوون گیانیان لە دەست دا. هەتا ئێستا تەرمی ئارتین ئێران نژاد کە تەنیا ١٥ مانگ تەمەنی بووە نەدۆزراوەتەوە.

کەماڵ حەسەنپوور، نوێنەری شاری سەردەشت لە پەرلمانی ئێران وێرای ئاماژەدان بە گیان لە دەستدانی ئەو بنەماڵەیە وتی کە خەڵکی سەردەشت دار و نەداریان دەفرۆشن هەتا بە قاچاخ بڕۆن بۆ دەرەوە و تەنیا لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠٠ کەسی خەڵکی ئەو شارە چوونەتە دەرەوەی ئێران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە