ڕاوەدوونانی کاسبکارێكی سەقزی لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی

ڕاوەدوونانی کاسبکارێكی سەقزی لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی

22:56 - 17 May 2019

 

هەنگاو: راوەدوونانی ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی خەڵکی سەقز و کەوتنە خوارەوەی بووە هۆی گیان لەدەست دانی شۆفێرەکەی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی پێنجشەممە (٢٦ی بانەمەڕی ٢٧١٩/ ١٦ی مەی ٢٠١٩)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ڕێگای سەقز- زەنجان، بە بیانووی هەڵگرتنی کەلووپەلی قاچاخ کەوتوونەتە دوای ئۆتۆمبێلی کاسبکارێكی کورد کە سەرەونخوون بوونی ئۆتۆمبێلەکە و گیان لە دەست دانی شۆڤێرەکەی لێکەوتووەتەوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری سەقز ناسنامەی ئەو کاسبکارەی”حیسام موحیبی” کوری مەنسور ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی شەممە (٢١ی بانەمەڕی ٢٧١٩/ ١١ی مەی ٢٠١٩)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ڕێگای سەقز بۆ بۆکان دیسان بە گومانی هەڵگرتن و گوازتنەوەی کەل و پەلی قاچاخ، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک کردووە و داویانەتە بەر دەسرێژی گوللە و کە کوژران و برینداربوونی دوو کاسبکاری لێکەوتەوە.