ڕاپۆرتێک لەسەر سەپاندنی حوکمی بەندکران و لێدانی قامچی بە سەر فاتیمە داوەند

هەنگاو: فاتیمە داوەند، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لە دوو دادگای جیادا سەرجەم حوک

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٥:٠٣


هەنگاو: فاتیمە داوەند، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە لە خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، لە دوو دادگای جیادا سەرجەم حوکمی پێنج ساڵ و ٥ مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچی بە سەردا سەپاوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فاتیمە داوەند، چالاکی مەدەنی خەڵکی بۆکان کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەو شارە دەستبەسەر کرابوو، دوو جار و لەلایەن دادگاکانی بۆکان و مەهاباد دادگایی کراوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە کوردە، ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری بۆکان دادگایی و بە تۆمەتی ”شیواندنی تەکووزی و ئاسایشی کۆمەڵگا“ حوکمی پێنج مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچی بە سەردا سەپاوە.


ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، فاتیمە داوەند، ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر ”جەواد گوڵامی“ جارێکی دیکە دادگایی کراوە و بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی ولات“ حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.


ئەو چالاکە مەدەنیە لە باقی تۆمەتەکانی دیکە وەکوو ، ئەندامەتی کە کۆمەڵە، لابردنی حیجاب، پڕوپاگەندە دژی نیزام، موحاریبە، و لێدان و بێ ڕێزی بە فەرمانبەرێکی هێزە ئینتزامییەکان پاکانەی بۆ کراوە.


فاتیمە داوەند تەمەن ٤٢ ساڵ و دایکی سێ منداڵ، رۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩( ١٦ی نوامبێری ٢٠١٩) لە کاتێکدا کە بریندار بووبوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرایەوە و پاش ٣٠ ڕۆژ گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.


ناوبراو هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شیوەی کاتی و تا کاتی دادگاییکرانی ئازاد کرابوو.

فاتیمە داوەند چەندرۆژ پاش دەستبەسەرکران لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران ناچار بوو بێتە سەر تی ڤی و دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگرت و لە هەواڵەکانی ٢٠:٣٠ کاناڵی دووی دەنگو رەنگی کۆماری ئیسلامی دانپێدانانەکانی بڵاو کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە