ڕاپۆرتێکی هەژێنەر لە سەر دۆخی نالەباری بنەماڵەیەکی پەنابەری کورد لە یۆنان

هەنگاو: مێهری نەبی زاده هاوڕێ لەگەڵ هاوژین و دوو منداڵەکەی لە ڕێگای ڕۆشتن بۆ یۆنان بوون کە بە هۆی دووری ڕیگا و ماندوویەتییەوە تووشی

٣٠ جۆزەردان ٢٧٢١، ٢٢:٤٩

 

هەنگاو: مێهری نەبی زاده هاوڕێ لەگەڵ هاوژین و دوو منداڵەکەی لە ڕێگای ڕۆشتن بۆ یۆنان بوون کە بە هۆی دووری ڕیگا و ماندوویەتییەوە تووشی جەلتەی دڵ بوو و گیانی لە دەست دا. ئێستا منداڵەکان و هاوژینەکەشی لە یەکێک لە کەمپەکانی تایپەت بە پەناخوازان لە وڵاتی یۆنان لە دۆخێکی نالەباری دەروونیدا ڕاگیراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوژین و دوو کچی تەمەن ٤ و ٧ ساڵانی مێهری نەبی زاده، پەناخوازی خەڵکی سەردەشت کە حەوتووی ڕابردوو لە ڕێگای ڕۆشتن بۆ یۆنان گیانی لە دەست دا، ئێستا لە قەرەنتینەی یەکێک لە کەمپەکانی ئەو وڵاتە ڕاگیراون و باری دەروونییان ناجێگیرە.

سەردا ئیبراهیم نژاد، باوکی ئەو بنەماڵەیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “لە ڕێگای ویشکایی نێوان یۆنان و تورکیا هاوژینەکەم بە هۆی ماندوویەتی لەڕادەبەدەر توانای ڕێ کردنی نەبوو و ئەو کەسانەش کە لەو سەفەرەدا لەگەڵمان بوون بە جێمانیان هێشت و دواجار هاوژینەکەم تووشی جەڵتەی دڵ بوو و لە پێش چاوی خۆم و دوو منداڵەکەم گیانی لە دەست دا”.

ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتی : “من زیاتر لە دوو کاتژمێر تەرمی هاوژینەکەم لەکۆڵ گرتووە و هاوڕێ لەگەڵ دوو کچەکەم بە دەم گریانەوە دارستانەکانی یۆنانمان پێاوە هەتا کەسیکمان بینیوەتەوە و پەیوەندی بە پۆلیسی ئەو وڵاتە کردووە”.

سەردار ئیبراهیم نژاد لەدرێژەدا وتی کە دوای ئەوەی پۆلیسی یۆنان هاتە پیریمانەوە تەرمی هاوژینەکەمیان بردووە بۆ یەکێک لە ساردخانەکانی ئەو ناوچەیە و خۆم و دوو منداڵەکەمیان بۆ دوو شەو دەستبەسەر کردووە و ئێستا لە کەمپی فلایکۆ ڕاگیراوین و دەڵێن هەتا کۆتایی ١٤ ڕۆژ ماوەی قەرەنتینە ئیزنت نادەین کە تەرمی هاوژینەکەت ببینیت”.

ناوبراو داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها ئەو ڕێکخراوانەی کە لەسەر کارووباری پەناخوازان کار دەکەن دەکات کە بۆ گواستنەوەی تەرمی هاوژینەکەی بۆ زێدەکەی خۆی واتە شاری سەردەشت و هەروەها گواستنەوەی منداڵەکانی بۆ وڵاتی سێهەم هاوکارییان بکەن و ڕێگری بکەن لە دیپۆرت کرانەوەیان بۆ وڵاتی تورکیا.

مێهری نەبی زاده تەمەن ٢٧ ساڵ، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لە کاتی ڕۆشتن بۆ یۆنان لە ڕێگای ویشکایی نێوان تورکیا و یۆنان بە هۆی دووری ڕێگا و ماندوویەتی لە ڕادەبەدەر تووشی جەڵتەی دڵ بوو و گیانی لە دەست دا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە