ژینا مودەڕس گورجی کە لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، مانی لە خواردن گرت

ژینا مودەڕس گورجی، کە یەکێک لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان بوو و لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و لە شاری سنە د

٤ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٠٧:٥٢


هەنگاو: دووشەممە، ٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی

ژینا مودەڕس گورجی، کە یەکێک لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان بوو و لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و بۆ "ناوەندی چاکسازی و پەروەردە"ی بەندیخانەی حکومەت لە شاری سنە گوازراوەتەوە، لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە توندوتیژیی هێزەکانی حکومەت لەو بەندیخانەیە و لێدان و ئەشکەنجە کردنی ناوبراو، مانی لە خواردن گرت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە کاتی دەستبەسەرکردنی خاتوو ژینا مودەڕس گورجی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، بە سەختی لێی دراوە و ئەشکەنجە کراوە، و پاش گواستنەوەی بۆ بەندیخانە بە چاو بەستراوی و ڕووی لە دیواری بەندیخانەکە، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، زارا محەممەدی، بەندکراوی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی نۆژین کە لەو بەندیخانەدا ماوەی پێنج ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات، لە نیوەڕۆی دوێنێوە ڕایگەیاندووە؛ وەکوو ناڕەزایەتی بە توندوتیژی و ئەشکەنجە کردنی ژنانی دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بەندیخانەیە، مانی لە خواردن گرتووە.

ژینا مودەڕس گورجی، یەکێک لە چالاکی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان لە کوردستاندایە و ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی) لە شوێنی کارەکەی، لە شەقامی سەفەریی شاری سنە دەستبەسەر کراوە.

ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکومەت لە سەرەتاکانی هەفتەی ڕابردووشدا هەڕەشەیان لەو چالاکەی بواری مافەکانی ژنان کرابوو کە نابێت بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەسەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی بکات و ئەگەر بەشداری بکات دەستبەسەر دەکرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە