دێولان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکران و ئازادیی سۆهەیلا موتاعی بە دانانی بارمتە

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٨:٣٢

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

سۆهەیلا موتاعی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" کە سزای ٦٠ مانگ دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری دێولان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سۆهەیلا موتاعی لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕەپانی ساعەتی شاری دێولان بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی موتاعی، هێزە ئەمنییەکان بە بیانووی وێنەگرتنی ناوبراو لە نێو شار دەستبەسەریان کردووە بەڵام هیچ بەڵگەیەکیان لە مۆبایلەکەیدا نەدیتووەتەوە.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە، سۆهەیلا موتاعی دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.

شایانی باسە کە، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤، کاسبکاران و پیشەوەرانی ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی مانیان گرت.

سۆهەیلا موتاعی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا دوو جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری دێولانەوە سەرجەم سزای ٦٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو دوای تێپەڕکردنی چەند مانگ دەستبەسەربوون لە ماوەی ٦٠ مانگ سزاکەی بە لێبوردن لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە