کوژران و بریندار بوونی ٢٤٠ کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٠ زایینی + لیستی ناوەکان

هەنگاو: لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینی دەیان کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و

١٧ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١٥:١٤

 

هەنگاو: لە ماوەی ساڵی ڕابردووی زایینی دەیان کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و تورکیا کوژراون یان بریندار کراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی لانیکەم ٢٤٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٥٩ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٨١ کەسیان بریندار بوون. ئەو ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٩ لانیکەم ٣ حاڵەت زیادی کردووە.

بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەی کە ساڵی ٢٠٢٠ بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٩  بوونەتە قوربانی لە کاتێکدایە کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و داخرانی سنوورەکان، نزیکەی دوومانگ سنوورەکانی کۆڵبەری داخرابوون.


هۆکاری کوژران یان بریندار بوون

تەقەی ڕاستەوخۆ: ١٩٩ حاڵەت (٤٩ کوژراو و ١٥٠ بریندار) کە دەگاتە ٨٣٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی سروشتی: ٢٠ حاڵەت (٦ کوژراو و ١٤ بریندار) کە دەکاتە ٨.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
تەقینەوەی مین: ٥ حاڵەت (٥ بریندار) کە دەکاتە ٢٪ی کۆی حاڵەتەکان.
ڕووداوی هاتووچۆ: ١٣ حاڵەت (٤ کوژراو و ٩ بریندار) کە دەکاتە ٥.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
لێدان و کوتان: ٣ حاڵەت (٣ بریندار) کە دەکاتە ١٪ی کۆی حاڵەتەکان.

هـێڵکاری ١

 

جیا کردنەوە بە پێی پارێزگاکان

پارێزگای ئورمیە: ١١٤ حاڵەت (٤٠ کوژراو و ٧٤ بریندار).
پارێزگای سنە: ٦٠ حاڵەت (١٤ کوژراو و ٤٦ بریندار).
پارێزگای کرماشان: ٦٦ حاڵەت (٥ کوژراو و ٦١ بریندار).

 

هێڵکاری ٢


کوژران و بریندار بوونی ١٦ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی تورکیا


لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و جیاواز لە ساڵانی پێشووتر، ژمارەی ئەو کۆڵبەرانەکی کە لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی تورکیا کوژراون و بریندار بوون بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

بە پشتبەستن ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٦ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە بە تەقەی چەکدارەکانی تورکیا بوونەتە قوربانی کە ٦ کەسیان کوژراون و ١٠ کەسیان بریندار بوون.


کوژران و بریندار بوونی ١٢ کاسبکار لە جاددەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی لانیکەم ١٢ کاسبکار لە جاددەکانی کوردستان و باقی شارەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانی کە ١٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

لە کۆی ئەو ١٢ کاسبکارە کە لە جاددەکان بوونەتە قوربانی ٩ کەسیان (٧٥٪) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەە قوربانی و ٣ کەسیش بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ کە لە ئاکامی ڕاوەدوونانیان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە هاووەتە ئاراوە بوونەتەقوربانی.


کوژران و بریندار بوونی پێنج مێرمنداڵی کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٠

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زاییندا لانیکەم پێنج مێرمنداڵی کۆڵبەر کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە بوونەتە قوربانی کە یكێکیان گیانی لە دەست داوە و ٤ کەسیان بریندار بوون.

داونلۆدی فایلی PDFی  لیستی ناوەکان


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە