کوژران و بریندار بوونی ٧ کۆڵبەر لە ماوەی یەک حەفتەدا

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆڵبەری دیکە لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە بوونەتە قوربانی. لە یەک حەفتەدا ٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون.

١٨ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١٢:٣٨

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کۆڵبەری دیکە لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە بوونەتە قوربانی. لە یەک حەفتەدا ٧ کۆڵبەر کوژراون و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی (١٨ی گەلاوێژی ٢٧١٩ /٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووریەکانی سەردەشت تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ”یوونس پیرۆتی“ کوڕی محەمەد و خەڵکی گوندی ”بێورانی خواروو“ بە سەختی بریندار بووە.

هاوکات ئە وهێزانە لە سنوورەکانی قوتوور سەر بە شاری خۆی تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و کۆڵبەرێک بە ناوی ”ناجی ئەبووبەکری“ کوڕی سەبری بە سەختی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە کراوە.

هەروەا، شەوی چوارشەممە (١٦ی گەلاوێژ/ ٧ی ئاگوست)، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی شوەشیانی سەردەشت بە ناوی ”شەهاب“ کوڕی عەباس بە هۆی ڕاوەدوونانی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە و بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە لاقێکی شکاوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک حەفتەدا دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و پێنج کۆڵبەریش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە