کوژران و بریندار بوونی ٢٣١ کۆڵبەری کورد لە ساڵی ٢٠١٨ دا + لیستی ناوەکان

هەنگاو: لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی

٩ بەفرانبار ٢٧١٨، ٢٣:١٠

 

هەنگاو: لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا دەیان کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە زۆربەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران کوژراون و یان بریندار بوون و ئەم ئامارە بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٦٪ زیادی کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا، لانیکەم ٢٣١ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکان و جاددەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧١ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٦٠ کەسیشیان برندار بوون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کە ٢٠١٦ کۆڵبەر ببون بە قوربانی ٦.٥٪ بەرز بووەتەوە.

 

زیاتر لە ٦٧٪ی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی

لە کۆی ئەو ٢٣١ کۆڵبەرەی کە لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا بوونەتە قوربانی، ١٥٦ کەسیان  کە دەکاتە ٦٧.٥٪ ی کۆی حاڵەتەکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی. ٤٢ کەسیان (١٨٪) بە هۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو (سەرما، هەرەسی بەفر، بەربوونەوە لەشاخ و ...) کوژراون و یان بریندار بوون.

هەروەها، ١٩ کۆڵبەر (٨.٢٪) بە هۆی تەقینەوەی مین و ١٤ کۆڵبەر (٦.٣٪) بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لەکاتی ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون، یان بریندار بوون.

 

جیاکردنەوەی کۆڵبەرانی قوربانی بە پێی پارێزگا

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، زیاترین کۆڵبەر لە سنووری پارێزگای ئورمیە بوون بە قوربانی. لە ساڵی ٢٠١٨ دا کوژران و برینداربوونی ١٥٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی ئەو پارێزگایە تۆمار کراوە کە ٤٠ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

لە پارێزگای سنە لە کۆی ئەو ٦٢ کۆڵبەرەی کە بوونەتە قوربانی ١٧ کەسیان و لە پارێزگای کرماشانیش لە کۆی ئەو ١٥ کۆڵبەرەی بوونەتە قوربانی ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

کۆڵبەرێکی خەڵکی باشووری کوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٨ دا بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بووە.

 

کوژران و بریندار بوونی ٣ منداڵی کۆڵبەر

لە کۆی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە ساڵی ٢٠١٨ دا بوونەتە قوربانی سێ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە کەسێکیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست داوە.

 

دەرکردنی حوکمی بەندکران و پێبژاردنی پارە بۆ ١٧ کۆڵبەر

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا ١٧ کۆڵبەری کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم حوکمی  ١٠ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی بڕی ١٣٠ میلیۆن تمەنیان بەسەردا سەپاوە.

 

دەستبەسەر کرانی ٥٠ کۆڵبەر

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، 

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا زیاتر لە ٥٠ کۆڵبەر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە تەنیا ناسنامەی ٣٩ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

 

بۆ دانلۆدی فایلی پی دی ئێفی لیستی ناوەکان لە سەر لینکی خوارەوە کلیک بکەن

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە