کوژران و برینداربوونی ٢٩ کۆڵبەر لە ماوەی مانگی سـێپتامبری ٢٠١٨ دا

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردووی زایینی ٢٩ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە بە بەراوەرد لەگەڵ مانگی پێشووتر ٣١٪ زیادی کردووە.

٩ ڕەزبەر ٢٧١٨، ٢١:٥٧

 

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردووی زایینی ٢٩ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر ٣١٪ زیادی کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی مانگی سێپتامبری ٢٠١٨، لانیکەم ٢٩ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و یان بریندار بوون.

لەو ژمارەیە ٨ کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە و ٢١ کۆڵبەریش بریندار بوون. قوربانی بوونی کۆڵبەران لەمانگی سێپتامبر بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر (ئاگۆست) ٧ حاڵەت واتە ٣١٪ بەرز بووەتەوە.

لە کۆی ئەو ٨ کۆڵبەرەی کە گیانیان لە دەست داوە، ٤ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٣ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین و کۆڵبەرێکیش بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها لە کۆی ئەو ٢١ کۆڵبەرەش کە بریندار بوون، ١٠ کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٨ کۆڵبەر بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ، ٢ کۆڵبەر بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی و کۆڵبەرێکیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

زیاترین حاڵەتی قوربانی بوونی کۆڵبەران کە ١٥ حاڵەت بووە لە پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە. هەروەها لەپارێزگای سنە ١٣ حاڵەت و لەپارێزگای کرماشان یەک حاڵەت تۆمار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە