کچە خوێندکارێکی سەقزی حوکمی ٥٠ زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرا

٢٠ سەرماوەز ٢٧١٧، ١٣:٢٩

هەنگاو:  دادگایەک لە شاری سەقز، کچە خوێندکارێکی کوردی بە تۆمەتی بەشداری ئاهەنگ و شادی بە بۆنەی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان حوکمی لێدانی ٥٠ قامچیی بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی ماوفی مرۆڤی “هەنگاو” ،(زەمانە زێویە) کچە خوێندکارێکی قۆناغی چوارەمی یاسا لە زانکۆی پەیام نووری سەقز بە تۆمەتی "هەوڵدان لەدژی ئاسایشی میللی و بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەی نایاسایی و تێکدانی ئارامیی گشتی" دادگایی کرا.

زەمانە زێویە، پاش بەریبوون لە هەندێ تاوان، سەرەنجام بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" حوکمی لێدانی ٥٠ قامچی لە پێش چاوی خەڵک  و هەروەها  یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن (نزیکەی ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکی) غەرامەی بۆ بڕاوەتەوە.

دادگای ناوبراو لە ڕۆژانی چوار و پێنجی سەرماوەز بەڕێوە چووە  و ئەو حوکمە لە ١٦ی سەرماوەز  لەلایەن داداگی سەقزەوە  بە پارێزەری ئەو کچە خوێندکارە ڕاگەیەندراوە و پارێزەرەکەشی بە فەرمی ناڕەزایی دەربڕیوە .

زەمانە زێویە، ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر بە تۆمەتی هاندانی خەڵک بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی نایاسایی و پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانەوە دەستگیر و پاش سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٨٠ ملیۆن تمەن ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە