کچە خوێندکارێکی کورد سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: چالاکێکی خوێندکاری کورد و ئەندامی پێشووی لێژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی ئیسلامی خوێندکارانی پێشکەوتنخوازی زانکۆی پیشەیی ئەمیر

٥ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٠٩:٥٧

 

هەنگاو: چالاکێکی خوێندکاری کورد و ئەندامی پێشووی لێژنەی بەڕێوەبەریی ناوەندی ئیسلامی خوێندکارانی پێشکەوتنخوازی زانکۆی پیشەیی ئەمیر کەبیر بە هۆی ناڕازایەتی دەربڕینی بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لە لایەن سپای پاسدارانەوە سزای بەندکران و پێبژاردنی بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا غەزەل مەعسووم شاهی چالاکی خوێندکاری خەڵکی کرماشان لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی “ بڵاوکردنەوەی درۆ دەلەسە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان” سزای ١٨ مانگ بەندکران و پێبژاردنی ٣ میلیۆن تمەنی بەسەردا سەپاوە کە سزای بەندکرانی ناوبراو بۆ ماوەی ٤ ساڵ هەڵپسێردراوە.

بەپێی ئەم  سزایە، ئەو چالاکە کوردە لە ماوەی ئەو چوارساڵەی کە سزاکەی هەڵپەسێردراوە دەبێ پێنج جار سەردانی گۆڕستانی سەربازە کوژراوەکانی ئێران لە سووریا بکات و بە شێوەی وەرزانە خۆی بە سپای پاسداران بناسێنێت و بۆ چوونە دەرەوە لە وڵاتیش دەبێ ئیزن لە بەرپرسانی دادوەریی ئێران وەربگرێت.

هەڵوێستەکانی غەزەل مەعسووم شاهی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت تویتەر لە سەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە یەکێک لە هۆکارەکانی تۆمەتی وەپاڵنراو لەلایەن دەزگای دادوەری بووە. ناوبراو هەروەها لە تۆمەتەکانی “گردبوونەوە و پیلان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و “ پڕووپاگەندە دژ بە نیزام” بێبەری کراوە.

غەزەل مەعسووم شاهی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (١٦ی فێوریەی ٢٠٢١) بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو بانک کرابوو بۆ لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران و تۆمەتی”گردبوونەوە و پیلان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” و “ پڕووپاگەندە دژ بە نیزام”ی خرابوویە پاڵ.

فڕۆکەی نەفەرهەڵگری ئۆکراین دوو ساڵ پێش و دوای فڕین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران کرایه ئامانجی هاژەکەکانی (مووشەک) سپای پاسداران و سەرجەم ١٧٦ سەرنشینەکەی کوژران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە