کەماڵ شەریفی نەشتەرگەری بۆ کرا و گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە

هەناگو: کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ١٢ سالە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە و ماوەیەک پێش ج

٢٥ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ١٣:٢٣

 

هەنگاو: کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەی ١٢ سالە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانە ڕاگیراوە و ماوەیەک پێش جەڵتەی دڵ لێیدابوو، نەشتەرگەری بۆکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کەماڵ شەریفی، بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی بەندەرعەباس لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنیدا نەشتەرگەری بۆ کراوە و دوای چەند ڕۆژ گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میناب.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەماڵ شەریفی لە کاتێکدا گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی میناب کە کادری پزیشکی دژی گەڕاندنەوەی ناوبراو بوون و ڕایانگەیاندووە کە پێویستە هەتا کاتێک تەندروستی جێگیر دەبێت دەبێ لە ژێر چاوەدێری بمێنێتەوە.

کەماڵ شەریفی ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (١ی مارسی ٢٠٢١)، لە بەندیخانەی میناب تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بۆ ماوەی ٤ ڕۆژی لە بەشی ccuی نەخۆشخانەی ئەبولفەزلی میناب خەوێندراو وهەر بە بڕیاری پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانەیە دەبوو بگوازرێتەوە بۆ بەندەرعەباس.

کەماڵ شەریفی تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٠٨ (٢٥ی مەی ٢٠٠٨) لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر “شایق” بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان” سزای ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانی بەسەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە کە دادگایی کردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە تەنیا پێنج خولەک بووە و ناوبراو تەنیا ٣ خولەک کاتی بووە لەگەڵ پارێزەرەکەی قسە بکات.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە سەخت ترین شێوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ئەشکەنجە کراوە.

کەماڵ شەریفی ئێستا لەکاتێکدا ١٢هەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی میناب تێپەڕ دەکات کە لەماوەی ئەو ساڵانەدا لەمافی مرەخەسی بێبەش بووە.

ئەو هاووڵاتییە دەیەی ٨٠ی زایینیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری حیزبی دێمۆکرات لەلایەن دادگای شۆرشی سەقزەوە سزای دوو ساڵ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچی بەسەردا سەپابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە