کەماڵ شەریفی، ڕۆژنامەنووس و بەندکراوی سیاسی کورد تووشی جەڵتەی دڵ بوو

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە ماوەی ١٢ ساڵە بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری میناب لە باشووری ئێران ڕا

١٦ ڕەشەمە ٢٧٢٠، ٠٤:٤٥

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە ماوەی ١٢ ساڵە بە بێ هەبوونی مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری میناب لە باشووری ئێران ڕاگیراوە، تووشی جەڵتەی دڵ بوو و سەرباری ناجێگربوونی باری تەندروستی بۆ بەندیخانە گەڕێندراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (١ی مارسی ٢٠٢١)، کەماڵ شەریفی بەندکراوی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز لە بەندیخانەی میناب تووشی جەڵتەی دڵ بووە و لەژێر چاوەدێری توندی ئەمنیدا بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی شەریفی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، دوای ئەوە کە کەماڵ شەریفی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، سەرەتا پێیان ڕاگەیاندووە کە ژاراوی بووە، بەڵام دوای وەرگرتنی وڵامی تاقیکردنەوەکا دەرکەوتووە کە جەڵتەی دڵ لێیداوە و بۆ ماوەی ٤ ڕۆژی لە بەشی ccuی نەخۆشخانەی ئەبولفەزلی میناب ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، لەماوەی ئەو چوار ڕۆژەدا کەماڵ لەژێر چاوەدێری چڕی ئەمنی لە ەنخۆشخانە خەوێندراوە و دەست و لاقی به قەرەوێڵەکانی نەخۆشخانەوە بەستراوە کە ئەمەش کاردانەوەی کادری پزیشکی نەخۆشخانەی لێکەوتووەتەوە.

بە وتەی ناوبراو، پزیشکەکانی نەخۆشخانەی ئەبولفەزل ڕایانگەیاندووە کە کەماڵ شەریفی دەبێ بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی بەندەری عەباس و ئانژیۆگرافی بۆ بکرێت. بەڵام بەرپرسانی بەندیخانە ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەممە (٥ی مارس) ئەو بەندکراوەیان سەرباری ئەوەی باری تەندروستی ناجێگیر بووە بۆ بەندیخانەی میناب گەڕاندووەتەوە.

کەماڵ شەریفی تەمەن ٤٨ ساڵ و خەڵکی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی جۆزەردانی ٢٧٠٨ (٢٥ی مەی ٢٠٠٨) لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر “شایق” بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان” سزای ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانی بەسەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە کە دادگایی کردنی ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە تەنیا پێنج خولەک بووە و ناوبراو تەنیا ٣ خولەک کاتی بووە لەگەڵ پارێزەرەکەی قسە بکات.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە سەخت ترین شێوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ئەشکەنجە کراوە.

کەماڵ شەریفی ئێستا لەکاتێکدا ١٢هەمین ساڵی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی میناب تێپەڕ دەکات کە لەماوەی ئەو ساڵانەدا لەمافی مرەخەسی بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە