گرووپێکی نزیک لە حدک بەرپرسیارێتی تێکهەڵچوونەکەی پیرانشاری بە ئەستۆ گرت

هەنگاو: چەند کاتژمێر دوای کوژرانی سێ ئەندامی سپای پاسداران لە پیرانشار گرووپێکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستان

١٨ پووشپەڕ ٢٧١٩، ٢٣:٣٨

 

هەنگاو:  چەند کاتژمێر دوای کوژرانی سێ ئەندامی سپای پاسداران لە پیرانشار گرووپێکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) بەرپرسیارێتی خۆی لەو تێکهەڵچوونە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە گرووپی چەکداری پارێزەرانی ڕۆژهەڵات بڵاوی کردووەتەوە، ئەو گرووپە کە نزیکە لە حدکە و لە نێو شارەکان چالاکی دەکات بەرپرسیارێتی کوشتنی سێ ئەندامی سپای پاسدارانی لە پیرانشار بە ئەستۆ گرتووە. لە بەشێکی ئەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە کە ئەندامەکانیان بە بێ زیانی گیانی شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان بە جێ هێشتووە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ / ٩ی ژوئیەی ٢٠١٩)، ئۆتۆمبێلێکی سپای پاسداران کە چوار ئەندامی سپای تێدا بوو لە شەقامی سەردەشتی شاری پیرانشار کەوتە بەر دەستڕێژی گوللە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ”حاسڵ ئەحمەدی“ ناسراو بە حاسڵە شێت سەرهەنگی (عەمید)ی سپای پاسداران و دوو ئەندامی دیکەی سپا بە ناوەکانی ستار پیرۆتی و ئومید مەلازادە کوژراون و ئەندامێکی دیکەی سپا بە ناوی شۆڕش قادری بە سەختی پێکراوە.

حاسڵ ئەحمەدی یەکێک لەو ئەندامانەی سپای پاسدارانە کە لە ئەزیەت و ئازاری بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەروەها تیرۆری ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان ڕۆڵی هەبووە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە