کوژرانی سێ ئەندامی سپای پاسداران لە پیرانشار

هەنگاو: سێ ئەندامی سپای پاسداران لە لایەن چەکدارانی نەناسراو درانە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژران.

١٨ پووشپەڕ ٢٧١٩، ٢١:١١

 

هەنگاو: سێ ئەندامی سپای پاسداران لە لایەن چەکدارانی نەناسراو درانە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ / ٩ی ژوئیەی ٢٠١٩)، گرووپێکی چەکداری نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر ٤ ئەندامی سپای پاسداران و سێ کەسیان کوژراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ”حاسڵ ئەحمەدی“ ناسراو بە حاسڵە شێت سەرهەنگی (عەمید)ی سپای پاسدارانو بەرپرسی ئۆپراسیۆنەکانی سپای پیرانشار و دوو ئەندامی دیکەی سپا بە ناوەکانی ستار پیرۆتی و ئومید مەلازادە کوژراون و ئەندامێکی دیکەی سپا بە ناوی شۆڕش قادری بە سەختی پێکراوە.

ئۆتۆمبێلی ئەو ٤ ئەندامەی سپای پاسداران کە تویتایەکی جۆری هایلۆکس بووە لە شەقامی سەردەشت و لە نزیک ترمیناڵی سەردەشت کەوتووەتە بەر دەستڕێژ.

حاسڵ ئەحمەدی یەکێک لەو ئەندامانەی سپای پاسدارانە کە لە ئەزیەت و ئازاری بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەروەها تیرۆری ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان ڕۆڵی هەبووە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ حیزب و لایەنێکی کوردستانی بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی بە ئەستۆ نەگرتووە. میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران کوژرانی ئەو سێ ئەندامەی سپای پاسدارانیان پشتڕاست کردووەتەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە