گواستنەوەی چوار بەندکراوی هەڵگری ڤایرۆسی کرۆنا بۆ بەندیخانەی ئورومیە

٢٢ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٤:٤١


هەنگاو: دوێنێ، ٨ بەندکراو گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە کە وڵامی تاقیکاریی کرۆنای چوار کەسیان ئەرێنی بووە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی پێنجشەممە، ٢١ خاکەلێوەی ٢٧٢٠( ٩ی ئاوریل ٢٠٢٠)، ٨ بەندکراوی بەندی پاک (قەرەنتینە)ی بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە گوازرانەوە بۆ بەندی ١ و ٢ ی ئەو بەندیخانەیە.


بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ئورومیەوە، هەر بەندکراوێکی نوێ کە بچێتە بەندیخانەکەوە دەبێ دوو حەوتوو لە قەرەنتینەدا بێ، بەڵام ئەو ٨ بەندکراوە تەنیا ٨ رۆژ لە گەڵ ٥٠ بەندکراوی دیکە کە لە بەندیخانەی مەهابادەوە بۆ ئەوێ راگوازرابوونەوە، لە قەرەنتینەدا بوون.


ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی کە ئەفسەری نیگابانی رایگەیاندووە کە بە پێی تاقیکاریی کرۆنا، ٤ کەس لەو ٨ کەسە هەڵگری ڤایرۆسی کرۆنان و گواستنەوەیان بۆ بەندی ١ و ٢ی بەندیخانەی ئورومیە، بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی بەندکراوان.


ئەو بەندە نزیک لە بەندی سیاسییە و بەو هۆیە ناڕەزایەتیی بەندکراوانی سیاسی لێ کەوتۆتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە