گوڵاڵە مورادی باسی ئەشکەنجەی خۆی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا دەکات

هەنگاو: دوای یەک ساڵ لە دەستبەسەرکرانی گوڵاڵە مورادی ناوبراو هێشتا بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٢٢:٤٠

 

هەنگاو: دوای یەک ساڵ لە دەستبەسەرکرانی گوڵاڵە مورادی ناوبراو هێشتا بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی یەک ساڵ لە دەستبەسەرکرانی نایاسایی گوڵاڵە مورادی بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار ناوبراو هێشتا بێ ئەوەی دادگایی کرابێت دۆسیەکەی یەکلایی نەبووەتەوە و لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە.

بەگوێرەی تۆمارێکی دەنگی گوڵاڵە مورادی کە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، گوڵاڵە مورادی تێدا دەڵێت کە ناچاریان کردووم کە دانپێدانانی کوڕە مێرمنداڵەکەم دژ بە من و هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە دژ بە من دراوە قەبووڵ بکەم و دوای هەڕەشەیەکی زۆر ئەو کارەم کردووە و فیلمیان لە من هەڵگرتووە.

گوڵاڵە مورادی تەمەن ٤٨ ساڵ ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢١)هاوڕێ لەگەڵ دوو کوڕەکەی بە ناوەکانی مەتین بەزازی ١٤ ساڵە و تاهیر بەزازی ٢١ ساڵە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرانەوە. ناوبراو پاش ٤٥ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە. دوو کوڕەکەشی پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

ئەم سێ کەسە دوای کوژرانی یەکێک لە کادیرەکانی سوپای پاسداران بە ناوی عوسمان حاجی حوسێنی (خەزووری تاهیر بەزازی) کە دواتر گرووپێک بە ناوی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتییەکی بە ئەستۆ گرت، دەستبەسەر کرابوون.
گوڵاڵە مورادی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە مافی مرەخەسی بێبەش بووە و بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی مورادی، هەتا ئێستا هێزە ئەمنییەکان ئیزنیان نەداوە کە ناوبراو لەگەڵ پارێزەرەکەشی چاوپێکەوتنی هەبێت.

جێگای باسە کە سەفیە مامووشی پوور هاوژینی ئەو کادیرەی سوپای پاسدارانیش هەر لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوو کە دوای دوو مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

 


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە