ئەمڕۆ سێزدەهەمین ساڵڕۆژی گیان لە دەستدانی ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی خوێندکاری کوردە لەژێر ئەشکەنجەدا

ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ کوژرانی ئیبراهیمی لوتوفوڵڵاهی، خوێندکاری بەشی مافی زانکۆی پەیامی نووری سنە کە لەژێر ئەشکەنجەت هێزە ئە

٢٥ بەفرانبار ٢٧٢٠، ١١:٠١

 

ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ کوژرانی ئیبراهیمی لوتوفوڵڵاهی، خوێندکاری بەشی مافی زانکۆی پەیامی نووری سنە کە لەژێر ئەشکەنجەت هێزە ئەمنییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گیانی لە دەست دا.

ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ٢٧٠٧ی کوردی (٦ی ژانویەی ٢٠٠٨) لەکاتێکدا سەرقاڵی ئەزموونەکانی زانکۆ بوو بە شێوەی نایاسایی و بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گوازرایەوە.

ناوبراو ٨ی ڕۆژ دوای دەستبەسەر کرانی لە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار (١٥ی ژانویەی) لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لە دەست دا. هێزە ئەمنییەکان تەرمی ئەو خوێندکارە کوردەیان بە بێ ئاگاداری بنەماڵەکەی ناشتبوو و چیمەنتۆیان لە سەر کردبوو و بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندبوو کە خۆی کوشتووە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری هەبوونی ئاسەواری لێدان و خوێنڕێژی لووتی ئەو خوێندکارە کوردەی پشتڕاست کردبوویەوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەت لوتفوڵلاهی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ” ئەمجەدی داواکاری گشتی ئەوکاتی سنە بە ئێمەی ڕاگەیاندووە کە ئێمە کوشتوومانە، هەر کارێک دەتوانن بیکەن“. بەو حاڵەش دەزگای دادوەری هیچکات بە فەرمی کوشتنی ئەو خوێندکارە کوردەی بە ئەستۆ نەگرت و بنەماڵەی لوتفوڵڵاهیش ئیزنی داکۆکی لە دۆسیەکەیان پێ نەدرا و تەنانەت پارێزەرەکەشیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرا و ئەویش لە ڕووی ناچاری دۆسیەکەی بەجێهێشت.

شیاوی ئاماژە پێکردنه کە دەزگای ئەمنیەتی لە کوردستان چەندین دەستبەسەرگەی شاراوەی هەیە کە تەنانەت لە ژێر چاوەدێریی یاسا نێوخۆییەکانی چاوەدێریی بەندیخانەکان و لیستی ئەو بەندیخانانەش نیە. سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە و داوای چاوەدێری کردنی ئەو دەستبەسەرگانەیان لەلایەن ناوەندێکی سەربەخۆوە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ پشکنینێک بۆ ئەو دەستبەسەرگە نهێنییانە نەکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە