فەرزاد مەحموودپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە ناوی فەرزاد مەحموودپوور خەڵکی شاری شنۆ، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای پێنج ساڵە بەند

١٧ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٤:٥١

هەنگاو: پێنجشەممە، ١٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە ناوی فەرزاد مەحموودپوور خەڵکی شاری شنۆ، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای پێنج ساڵە بەندکردن، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (٥ی مارسی ٢٠٢٤)، فەرزاد مەحموودپوور، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شارەدێی "میراوا"ی سەر بە شاری شنۆ، دوای ئەوەی کە لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سازکانی دادگای ئەو شارە بانگ کراوە، دەستبەجێ دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.

ئەو هاووڵاتییە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣دا لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" و هەروەها "ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "لەناوبردنی کەرەستە و کەلوپەلی و ماڵی گشتی" سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، داوای پێداچوونەوەی ناوبراو بۆ دەستپێکردنەوەی دادگاییکردنەکەی پێشتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای باڵای ئێرانەوە بە سەرۆکایەتیی عەلی‌ئەکبەر یاساقی و ڕاوێژکاریی عەلی‌ئەکبەر بەنائیڕاد ڕەت کراوەتەوە.

هەنگاو پێشتر لەسەر دۆسیەی فەرزاد محەمەدپوور ڕایگەیاند: ئەو دەستبەسەرکراوە لە دەستپێڕاگەیشتن بە مافە سەرەتایییەکانی بێبەری و بێبەش کراوە و لە ماوەی دەستبەسەربوونیشیدا بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە.

فەرزاد مەحموودپوور مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لە سەردەمی ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئورمیە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

شایانی باسە کە دواجار ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣ (٥ی مارسی ٢٠٢٤)، پاش ١١ مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانیی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە