سنە؛ محەممەد ڕەزایی چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی «نوژین» بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکردنەکەی دەستبەسەر کرا
هەنگاو؛ شەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
محەممەد ڕەزایی، هاووڵاتیی کورد و یەکێک لە چالاکانی مەدەنیی خەڵکی دێولان کە هاوكات ئەندامی ڕێکخراوی ناحکوومەتیی کولتووری-کۆمەڵایەتیی «نوژین» بوو، دوای بانگکرانی بۆ دادگا دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٦ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، محەممەد ڕەزایی، مەدەنیی مەدەنیی خەڵکی دێولان دوای بانگهێشتکردنی بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگا دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ساڵێک بەندکردنی تەعزیرییەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
ناوبراو پاییزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای شۆڕشی دێولانەوە بە تۆمەتی «پرۆپاگەندە دژ بە نیزام» سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپابوو. دانیشتنی سەرەتایی دادگا بۆ ڕادەستکردنی تۆمەتەکانی ساڵی ڕابردوو بەڕێوە چوو و ئەم سزایە ڕێکەوتی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگیەرابوو.
محەممەد ڕەزایی لە ڕێکەوتی شەممە ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو دوای تێپەڕاندنی ٥٥ ڕۆژ دەستبەسەرکردن و لێکۆڵینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دواجار بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
ئەنجومەنی کولتووری-کۆمەڵایەتیی «نوژین» یەکێک لە ناوەندە مەدەنییە ناسراو و چالاکەکانی کوردستانە کە لە بواری فێرکاریی زمانی کوردی و چالاکییە کولتوورییەکاندا چالاکی دەکات؛ ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە هەمیشە بەهۆی ئەم چالاکییە ناسنامەخوازانە و مەدەنییەکانیانەوە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردنی و سزای قورسی ئەمنی دەبنەوە.